Accessibility links

حکومەتی ئیسڕائیل ڕازی دەبێت بە دانانی کامێرای چاودێری لە ناوەندەکانی دەنگدان


حکومەتەکەی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو ڕەشنووسی یاسایەکی پەسەند کرد تیایدا ڕێگە بە کامێرا چاودێرییەکان دەدات لە میانەی هەڵبژاردنەکاندا لە ناوەندەکانی دەنگدان دابندرێن، ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە ئۆپۆزسیۆن پێی وایە ئامانج لێی ترساندنی دەنگدەرانی عەرەبە.

لە دەنگدانەکەی پێشوودا حیزبی لیکۆد بە ڕابەرایەتی ناتانیاهو چاودێرانی دەنارد بۆ ناوەندەکانی دەنگدان و کامێرای جێگیر بە جلەکانیانەوە بوو، سیاسەتمەدارانی ئیسڕائیلیش پێیان وایە ئەوە بۆ مەبەستی ترساندنی دەنگدەران بووە.

لەکاتی دەنگدانەکەدا نوێنەرانی زۆربەی حیزبەکان چاودێری پڕۆسەی دەنگدانەکە دەکەن.

ناتانیاهو بە حکومەتەکەی وت یاسا نوێیەکە پێشنیاری پەرلەمان دەکرێت پێش هەڵبژاردنەکان کە لە 17 ی مانگی نۆدا بەڕێوەدەچێت، بەپێی ئەو یاسایە ڕێگە بە چاوێرەکان دەدرێت کامێرای مۆبایلەکانیان بەکاربهێنن بۆ تۆمارکردنی ئەو شتانەی لە دەرەوەی شوێنی دەنگدانەکەدا ڕوودەدەن.

ناتانیاهو لە میانەی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیراندا وتی " هەمووان کامێرا بەکاردەهێنن، هەموو دوکانەکان کامێرایان داناوە. ئایا دەکرێت ناوەندەکانی دەنگدان تەنها شوێن بن کە نەتوانیت کامێرای تیادا بەکاربهێنیت؟"

بەرپرسانی حکومی وتیان ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ ڕەشنووسی یاساکەیان پەسەند کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG