Accessibility links

ئیسڕائیل پێدانی ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە زیندانیە فەڵەستینیەکان پەسەند دەکات


چاکسازی زیندانەکانی ئیسڕائیل ڕایگەیاند ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەدات بە سەرجەم زیندانییەکان بە فەڵەستینیەکانیشەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ڕەخنەیەکی زۆر ئاڕاستەی حکومەتی ئیسڕائیل کرا لەسەر ئەو بابەتە.

دوای ئەوەی وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئیسڕائیل عەمیر ئۆهانا لەمدواییانەدا ئاماژەی بەوەدا ڤاکسینەکەی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا نادرێت بە دەستگیرکراوە فەڵەستینیەکان، ئیسڕائیل ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بۆوە.

دادوەری گشتی ئیسڕائیل ئافیخای ماندلبلیت ڕەخنەی لەو لێدوانانە گرت و وتی " ئەو ڕێوشوێنانە نایاسایین."

ڕێکخراوی تەحریری ئیسڕائیلیش داوای کرد ڤاکسینەکە بدرێت بە زیندانیە فەڵەستینیەکان کە ژمارەیان دەگاتە 4400 کەس، هەروەها بەپێی یانەی ئەسیری فەڵەستینی 250 لە زیندانیە فەڵەستینیەکان توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

هەفتەی ڕابردوو پێنج ڕێکخراوی ئیسڕائیلی بۆ مافەکانی مرۆڤ داوایان لە دادگای باڵای ئیسڕائیل کرد ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بدرێت بە زیندانییە فەڵەستینیەکان و وتیشیان " ئەوە ئەرکێکی یاسایی و ئەخلاقییە."

چاکسازی زیندانییەکان لە بەیاننامەیەکدا وتی " دوای پێدانی ڤاکسینەکە بە کارمەندان، دەست دەکەین بە پێدانی ڤاکسینەکە بە زیندانییەکان بەشێوەیەک کە لەگەڵ پڕۆتۆکۆڵە تەندروستیەکاندا بگونجێت."

وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی زیندانیەکان بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " ئەم بڕیارە سەرجەم زیندانییەکان بەبێ جیاوازی دەگرێتەوە." ئاماژەشی بەوەدا پێدانی ڤاکسینەکە لەم هەفتەیەدا دەست پێدەکات.

بەپێی وتەبێژەکە، بەپێی پڕۆتۆکۆڵەکانی وەزارەتی تەندروستی وڵاتەکە ڤاکسینەکە دەدرێت بە زیندانییەکان، سەرەتا بەتەمەنەکان ڤاکسینەکە وەردەگرن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG