Accessibility links

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل هۆشیاری دەدات لەسەر پەتای کۆرۆنا


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل نەفتاڵی بێنێت هۆشیاریدا لەسەر " دووبارە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیسڕائیل "، ئەوەش دوای ئەوەی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتەدا سەریهەڵدایەوە و بێنێت وتی پێدەچێت بەهۆی گەڕانەوەی ئەو گەشتیارانەوە بووبێت کە هەڵگری جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسەکە بوون.

بێنێت لە فڕۆکەخانەی بێن گوریۆن وتی " ئامانجمان ئەوەیە کۆتایی پێبهێنین، سەتڵێک ئاو بکەین بە ئاگرەکەدا لەکاتێکدا ئاگرەکە کەمە."

ڕۆژی دووشەممە ئیسڕائیل 125 حاڵەتی نوێی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکرد، ئەمەش زۆرترین حاڵەتە لە مانگی چوارەوە تاوەکو ئێستا تۆمارکرابێت، هاوکات زیاتر لە نیوەی دانیشتوانەکەشی هەردوو ژەمە ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە.

بێنێت وتی زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لەمدواییانەدا پێدەچێت بەهۆی ئەو جۆرە نوێیەی ڤایرۆسەکەوە بووبێت کە لە دەرەوەی وڵاتەوە هاتووە.

بێنێت وتیشی زیاتر لە 1000 کەس لە شارۆچکەی بنیامینا لە باکووری تەل ئەڤیڤ کوارەتین کراون، ئەوەش دوای ئەوەی گەشتیاران لە قوبرس گەڕاونەتەوە.

وتیشی " تکایە ئەوەی پێویست ناکات گەشت بۆ دەرەوە بکات با گەشت نەکات."

زیاتر لە سەدا 55 ی دانیشتوانی ئیسڕائیل کە دەکاتە نزیکەی 5.2 ملیۆن کەس هەردوو ژەمە ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە.

بێنێت داوای لە دایکان و باوکان کرد ڤاکسین بدەن بە منداڵەکانیشیان، داوای لە منداڵانەی سەروو 12 ساڵ کرد " بەزووترین کات ڤاکسینەکە وەربگرن."

وەزارەتی تەندروستی ئیسڕائیل ئاماژەی بەوەدا مانگی ڕابردوو زۆرترین ئەو کەسانەی توشی ڤایرۆسەکە بوون تەمەنیان لە نێوان 10 بۆ 19 ساڵدا بووە.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەوە تاوەکو ئێستا ئیسڕائیل زیاتر لە 840,000 حاڵەتی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکردووە و هەروەها 6,428 حاڵەتی گیان لەدەستدانیش تۆمارکراوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG