Accessibility links

ئیسڕائیل دووبارە بەکارهێنانی دەمامک لە شوێنە داخراوەکاندا دەسەپێنێتەوە


ئیسڕائیل بە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند پێویستە دووبارە دەمامک لە شوێنە داخراوەکاندا بەکاربهێننەوە، ئەمەش 10 ڕۆژ دوای ئەوەی ڕێگەدرا بە هاوڵاتیان دەمامک لە شوێنە داخراوەکاندا بەکارنەهێنن، ئەم بڕیارەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون بە جۆرە نوێیە توندەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

جێی ئاماژەیە بەکارهێنانی دەمامک یەکێک بوو لەو ڕێوشوێنە کەمانەی کە دوای کەمبوونەوەی حاڵەتەکانی توشبوونیش بە ڤایرۆسی کۆرۆنا مابوونەوە، هۆکاری کەمبوونەوەکەش خێرایی هەڵمەتی کوتان بوو دژ بە ڤایرۆسەکە لەو وڵاتەدا.

لەم هەفتەیەدا حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە چوار هێندە زیادیکرد، بەجۆرێک 138 حاڵەت تۆمارکرا، ئەمەش دوای ئەوەی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسەکە لە دوو قوتابخانەدا بڵابۆوە.

دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەو دوو قوتابخانەیەدا، بەرپرسانی ئیسڕائیل داوایان لە دایکان و باوکان کرد ئەو منداڵانەیان کە تەمەنیان لە نێوان 12 بۆ 15 ساڵدایە ڤایرۆسەکە وەربگرن.

وەزارەتی تەندروستی ئیسڕائیل دووبارە بەکارهێنانی دەمامکی لە شوێنە داخراوەکاندا سەپاندەوە، وتیشی باشترێکە خۆتان بەدووربگرن لە گردبوونەوەی گەورە لە دەرەوەشدا.

جێی ئاماژەیە لە سەدا 55 ی کۆی 9.3 ملیۆن دانیشتووەکەی ئیسڕائیل هەردوو بەشە ڤاکسینی فایزەر- بایۆنتیکیان وەرگرتووە، هەروەها مانگی ڕابردوو هەڵمەتی کوتان لە وڵاتەکەدا فراوانتر کرا تاوەکو ئەوانەشی تەمەنیان لەنێوان 12 بۆ 15 ساڵدایە وەرگرتنی ڤاکسینەکە بیانگرێتەوە، بەڵام تێکڕای ئەوانەی لەو تەمەنەدا ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە هێشتا کەمە.

وەزارەتی تەندروستی ئیسڕائیل دەڵێت نزیکەی لە سەدا 65 دانیشتوانی وڵاتەکە ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە یاخود دوای توشبوونیان بە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG