چوار هەفتە لەمەوبەر ئیسڕائیل بەبۆنەی گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی و سەرکەوتن بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا ئاهەنگی گێڕا، ئەوەش بەهۆی هەڵمەتە خێراکەیەوە بۆ کوتان دژی بە ڤایرۆسەکە کە بووە هۆی کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی توشبوون و گیان لەدەستدان، ئیسڕائیلیەکان چیتر دەمامکیان بەکارنەدەهێنا و سەرجەم یاساکانی دورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتیان پشتگوێ خست.
بەڵام دواتر جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ( دێلتا ) لە وڵاتەکەدا بڵاوبۆوە و حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە دووبارە زیادبوونەتەوە، ئەوەش سەرۆک وەزیری وڵاتەکە نەفتاڵی بێنێتی ناچار کرد دووبارە کۆمەڵێک ڕێوشوێنی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە بسەپێنێتەوە و چاوێک بخشێنێتەوە بە ستراتیژییەتی وڵاتەکەدا لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ڤایرۆسەکەدا.
حکومەتی ئیسڕائیل دەیەوێت ئیسڕائیلییەکان فێر بکات چۆن پێکەوە لەگەڵ ڤایرۆسەکەدا بژین، ئەوەش لەڕێی جێبەجێکردنی کەمترین ڕێوشوێن و دوورکەوتنەوە لە داخستنی گشتی وڵاتەکە کە لەوانەیە زیانێکی زیاتر بە ئابووری ئیسڕائیل بگەیەنێت.
لەو ڕێوشوێنانەی کە دووبارە دەسەپێندرێنەوە، بەکارهێنانی دەمامکە لە شوێنە داخراوەکاندا و کوارەنتینکردنی سەرجەم ئەو کەسانەیە کە دێنە خاکی ئیسڕائیلەوە.
ڕۆژانە نزیکەی 450 کەس لە ئیسڕائیل توشی ڤایرۆسەکە دەبن، لە سەدا 90 ی ئەو ژمارەیە توشی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسەکە بوون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز