Accessibility links

سەرۆکی بەڕازیل کردنەوەی ئۆفیسێکی دیبلۆماسی بۆ کاروباری ئابووری لە ئۆرشەلیم ڕادەگەیەنێت


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو و سەرۆکی بەڕازیل گایر بۆڵسۆنارۆ

سەرۆکی بەڕازیل گایر بۆڵسۆنارۆ لە ئیسڕائیل ڕایگەیاند وڵاتەکەی سوورە لەسەر ئەوەی ئۆفیسێکی دیبلۆماسی بۆ کاروباری ئابووری لە ئۆرشەلیم بکاتەوە، ئەمەش لەکاتێکدا سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو هیوای خواست گواستنەوەی باڵیۆزخانەی بەڕازیل بۆ ئۆرشەلیم ڕابگەیەنرێت.

سەرۆکی بەڕازیل بۆڵسۆنارۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهودا وتی " هەر ئێستا بڕیارێکماندا بۆ کردنەوەی ئۆفیسێکی دیبلۆماسی بۆ کاروباری ئابووری و زانست و تەکنەلۆجیا لە ئۆرشەلیم."

لەلای خۆشیەوە ناتانیاهو وتی " دەمەوێت نهێنییەکتان بۆ ئاشکرا بکەم، هیودارم ئەمە هەنگاوی یەکەم بێت بەرەو کردنەوەی باڵیۆزخانەی بەڕازیل لە ئۆرشەلیم، کاتێک کە کاتی ئەوە دێت."

بۆڵسۆنارۆ لەکاتی کەمپینی هەڵبژاردنەکاندا سووربوونی خۆی دووپاتدەکردەوە لەسەر گواستنەوەی باڵیۆزخانەکەی لە تەل ئەڤیڤەوە بۆ ئۆرشەلیم.

ناتانیاهو وتی " ئێمە پێکەوە مێژوو دروست دەکەین." وتیشی سەردەمێکی نوێیان لە پەیوەندییەکانی نێوان ئیسڕائیل و بەڕازیل دەست پێکردووە.

لەلای خۆشییەوە سەرۆکی بەڕازیل وتی " حکومەتەکەم سوورە لەسەر ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەڕازیل و ئیسرائیل پتەوتر بکات." وتیشی " هاریکاری لە بوارەکانی ئاسایش و بەرگریدا گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ بەڕازیلیش."

دوو سەرۆکەکە دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە لە ئۆرشەلیم چاویان بەیەکتر کەوت بەمەبەستی واژۆکردنی شەش ڕێکەوتن لە بوارەکانی بەرگری و ئاسایش و تەکنەلۆجیادا.

بۆڵسۆنارۆ ڕاستەوخۆ دوای واژۆکردنی ڕێکەوتنەکان وتی " بەڕازیل گۆڕاوە و بابەتە فیکرییەکان چیتر گرنگ نین. دەمانەوێت بازرگانیمان لەگەڵ سەرتاسەری جیهاندا بەهێز بکەین."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG