Accessibility links

وەزیری بەرگری ئیسڕائیل سەردانی بەحرەین دەکات


وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز
وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز

وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز لەنێوندی زیادبوونی گرژییەکانی کەنداودا و دوابەدوای هێرشە موشەکییەکانی حوسییەکان بۆ سەر ئیماڕات، سەردانی بەحرەین دەکات.

وەزارەتی بەرگری ئیسڕائیل وتی وەزیری بەرگری وڵاتەکە ڕێکەوتنێکی هاریکاریی بەرگری لەگەڵ بەحرەیندا واژۆ دەکات.

لە ساڵی 2020 دا بەحرەین و ئیماڕات بە سەرپەرشتی ئەمەریکا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاساییکردەوە.

ڕۆژی دووشەممە ئیماڕات ڕایگەیاند بەرپەرچی موشەکێکی حوسییەکانیان داوەتەوە، هێرشەکە هاوکات بوو لەگەڵ سەردانەکەی سەرۆکی ئیسڕائیل بۆ ئەو وڵاتە، ئەوەش سێیەمین هێرشی موشەکی حوسییەکان بوو بۆ سەر ئیماڕات لە ماوەی تەنها دوو هەفتەدا.

وەزارەتی بەرگری ئیسڕائیل لەمیانەی ڕاگەیاندنی سەردانەکەی گانتزدا بۆ بەحرەین هیچ ئاماژەیەکی بە هێرشەکانی حوسییەکان نەدا و هیچ وردەکارییەکیشی نەدا لەسەر ئەو ڕێکەوتنە ئاسایشیەی کە لەگەڵ بەحرەیندا واژۆی دەکات.

ئەمەریکا ڕایگەیاند فڕۆکەی جەنگی ڕەوانەی ئیماڕات دەکات تاوەکو یارمەتی ئەو وڵاتە بدات لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە موشەکییەکاندا.

لەم هەفتەیەدا ئیسڕائیل بەشداری لە مەشقێکی سەربازیی دەریایی گەورە دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆ یەکەمین جار بە ئاشکرا لە مەشقەکەدا دەچێتە پاڵ سعودیە و عومانەوە، کە ئەو دوو وڵاتە پەیوەندیی دیبلۆماتیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا نیە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ئاسایی نەکردۆتەوە.

سەردانەکەی گانتز بۆ بەحرەین یەکەمین سەردانی وەزیرێکی بەرگری ئیسڕائیلە سەردانی ئەو وڵاتە بکات و فڕۆکە سەربازییەکەی لەو وڵاتە بنیشێتەوە.

گانتز لە تویتەر نوسیویەتی " سەربەرزم لەوێم و بەپەرۆشەوەم بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ڕابەرانی شانشینەکەدا."

دەزگای هەواڵی بی ئێن ئەی بەحرەین وتی گانتز و شاندەکەی یاوەری لەلایەن وەزیری کاروباری بەرگری بەحرەین عەبدوڵا بن حەسەن ئەل نویامییەوە پێشوازییان لێکراوە.

لە مانگی نۆدا بەحرەین میوانداری وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل یائیر لاپید کرد، ئەوەش دوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان، یەکەمین سەردانی بەرپرسێکی باڵای ئیسڕائیل بوو بۆ ئەو وڵاتە.

لە مانگی یانزەدا هێزەکانی ئیماڕات و بەحرەین و ئیسڕائیل و ئەمەریکا مەشقێکی سەربازیی دەریاییان لە دەریای سووردا ئەنجامدا. ئیسڕائیل وتی ئەو جۆرە هاریکارییە سەربازییانە یارمەتیدەر دەبن لە ڕووبەڕووبوونەوەی " دەسەڵاتەکانی ئێران " لە ناوچەکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG