Accessibility links

ژمارەی کوژراوانی هیرشەکانی ئاسمانی ئیسڕایل لە سوریادا زیاد دەکات


وەزیری بەرگری ئیسڕایل لە پەیامێکدا بۆ ئەسەد داوادەکات خۆ لە چنگ ئێرانێکان ڕزگار بکات

بە گوێرەی ئاژانسی ڕۆیتێرز هێرشەکانی ئاسمانی ئیسڕایل بۆ چەندین شوێن و دامەزراوی لەشکری لە سوریا ئەم حەوتوە ٤٢ کەسی کوشت کە لانی کەم ١٩ کەسیان ئێرانین، وەک ڕێکخراوێکی چاودێری شەمە ڕاپۆرتی کرد.

ڕێکخراوی چاودێری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سوریا گوتی لە ئاکامی هێرشەکانی زوویەکی پێنج شەمە لانی کەم ١١ ئێرانی کوژراون کە شەش سەربازی سوریایی، و لە نێویاندا سێ کەسیشیان ئەفسەر بوون.

تەشەناکردنی بەرەنگاری نێوان ئیسڕای و ئێران ئەو ترسەی لە هەریمەکەدا هێناوەتە گۆڕ کە ڕەنگە ئەو دوو دوژمنە لە مێژینەیە تووشی شەڕێکی ڕاستەوخۆ بن.

هەروەها رۆژنامەی "دەیلی ستار" دەنووسێت کە وەزیری بەرگری ئیسراێل هەینی داوای لە بەشار ئەسەد کرد کە لە سوریادا دەست لە هێزەکانی ئێران هەڵبگرێت و هوشداریشی دا کە بوونی ئەو هێزانە لە سوریا تەنیا گرفتی زیاتر بۆ ئەو وڵاتە بە شەڕ کاول بووە پێک دێنێت.

لیبرمەن گوتی ئەو هەلە بە دەرفەت دەزانم پەیامێک بۆ ئەسەد بنێرم: "خۆ لە چنگ ئێرانێکان ڕزگار بکە، دەست لە قاسم سولەیمانی و هێزی قودس هەڵبگرە، ئەوان یارمەتیت پێناکەن، ئەوان تەنیا دەبنە هۆی پێک هێنانی زیان و بوونی ئەوان تەنیا گرفت و زیان زیاد دەکات."

ئیسڕایل داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش و سکرتێری گشتی یو ئێن کرد کە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر سەنگەرەکانیان لە بەرزاییەکانی گوڵان مەحکوم بکات.

لە دەمێکدا لە بەشی خاکی ئیسڕایل سەردانی ئەو بەرزاییانەی دەکرد، وەزیری بەرگری گوتی ئیسڕایل لە هەوڵی کێشەدا نیە. ئەو جەختی کرد:

"ئێمە نەچووینەتە سنووری ئێرانێکان، ئەوان هاتوونەتە ئێرە."

XS
SM
MD
LG