Accessibility links

باڵیۆزی ئیسڕایل لە یو ئێن: ئەنجومەنی ئاسایش دەبێت تاقیکردنەوەی موشەکی ئێران مەحکوم بکات


دەنی دەنۆن، باڵیوزی ئیسرایل لە نەتەوەیەکگرتووەکان

ئەو هەروەها گوتی، "سیاسەتی ئێمە زۆر ڕوونە. ئێمە هەرگیز ڕیگا بە ئێران نادەین پێگەی لەشکری ساز بکات و لە ئەو دیوی سنوورەکانی ئێمە لە بەرزاییەکانی گۆلان دا ببێت."

"دەنی دەنۆن" باڵیۆزی ئیسڕایل لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ دەنگی ئەمەریکا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی "ئەنجومەنی ئەمەریکاییەکانی بە ڕەچەڵەکە ئیسڕایلی" لە ئەیالەتی فلۆریدا خوازیاری هەوڵی جیهانی بە دژی بەرنامەی موشەکی ئێرانە.

ناوبراو لە پەیوەندی هەوڵویستی ئیسڕایل سەبارەت بە گوتاری بڕایان هووک بەرپرسی کردەوەکانی ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و نومایشی چەکەکانی ئێرانی کە لە لایەن هاوپەیمانانی ئەمەریکاوە دەستکەوتوە، گوتی کە لە ڕوانگەی ئەو زۆر گرینگە کە جیهان بزانێت ئێران هەروا هاندەری تێرۆریسم، توند و تیژی ڕق و کینەیە.

ئەو گوتی: "دەزانین کە ئێران بە درێژەدانی بەرنامەی موشەکی باڵستیک بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش پێشێل دەکات. کاتی ئەوە هاتوە کە ئەنجومەنی ئاسایشی ئەو بابەتە مەحکوم بکات و چاوپۆشی لێنەکات تا لە ئەم ڕێگەوە تەواوی وڵاتەکان لە سەپاندنی دووبارەی گەمارۆکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران پشتیوانی بکەن. ئێمە لە هەموو وڵاتان بە تایبەت ولاتانی ئەوروپایی داوادەکەین تێکەڵ بە هەڵوێستی ئەمەریکا بن. گەمارۆکان بۆ سەر خەڵکی ئێران نین. ئیسڕایل پشتیوانی لە خەڵکی ئێران دەکات. گەمارۆکان رژیمێکی کردۆتە ئامانج کە پشتیوانی تێرۆریسم و ڕق و کینەیە."

باڵیۆزی ئیسڕایل لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان سەبارەت بە ئەگەری پەیوەست بوونی وڵاتانی زیاتر بە گەمارۆکانی ئێران گوتی کە کۆمپانییەکانی ئەوروپایی لە ڕێکەوتنەکانی خۆیان لە گەڵ ئێران دێنەدەر و گەلێک وڵاتی ئەوروپایی کە بە دوای سازان لە گەڵ ئێرانن کە لە گەمارۆکان دەربازبن لە ئەو کارەیان دا بە ئەنجامێک ناگەیشتوون.

ئەو گوتی: " سەیری ڤۆڵو، تۆتاڵ و کۆمپانییەکانی هێلی ئاسمانی بەریتانیا و فەڕانسە بکەن. ئەوان لە ئێران هاتنە دەر. بە بڕوای من حکومەتەکانی ئەوروپایی ئەوەیان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە تەنیا ڕێگا بەرەوپێش بۆ پێکهێنانی گۆڕان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست سەپاندنی گەمارۆی زیاتر بۆ سەر تارانە."

ئەو هەروەها سەبارەت بە هەوڵەکانی ئیسرایل بۆ بەرەنگاری بەرامبەر بە جێگیربوونی لەشکری ئێران لە سوریادا گوتی: "سیاسەتی ئێمە زۆر ڕوونە. ئێمە هەرگیز ڕیگا بە ئێران نادەین پێگەی لەشکری ساز بکات و لە ئەو دیوی سنوورەکانی ئێمە لە بەرزاییەکانی گۆلان دا ببێت. ئێمە ئەوەمان چەندین جار دووپاتکردۆتەوە و لە سەر قسەی خۆشمان ڕادەوەستین."

پێنجشەمەی ڕابردوو، بڕایان هووک، بەرپرسی "گروپی هەنگاوی ئێران" لە وەزارەتی دەرەوە لە کۆبوونەوەیەکی پەیامنێری دا گوتی کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەبێت بڕیار بدات کە دەوڵەتەکەی هەروا وەک گەورەترین پشتیوانی تێرۆریسم ڕابگرێت یان لە پێناوی بەرژەوەندی خەڵکی ئێران دا هەنگاو بنێت.

XS
SM
MD
LG