Accessibility links

ئیسڕائیل دەڵێت هێرشی کردۆتە سەر شوێنەکانی سوپای سوریا


دەزگای ڕاگەیاندنی فەڕمی سوریا وتی ئیسڕائیل هێرشی کردۆتە سەر شوێنەکانی سوپای سوریا لە نزیک سنووری بەرزاییەکانی گۆلان و بۆتە هۆی کەوتنەوەی زیانێکی ماددی کەم.

سوپای ئیسڕائیل بەیاننامەیەکی دەرکرد و تیایدا وتی هێرشی کردۆتە سەر سێ ئامانجی سوری وەکو وەڵامێک بۆ ئەو فڕۆکە سورییە بێ فڕۆکەوانەی کە هاتۆتە ئاسمانی ئیسڕائیلەوە پێش ئەوەی فڕۆکەکە بەسەر باکووری ئیسڕائیلدا بخەنە خوارەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت " هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل ڕژێمی سوریا بە بەرپرس دەزانن لەو کارانەی کە لەسەر خاکەکەی ڕوودەدەن و هۆشیاری دەداتێ لە هەر کارێکی دیکە کە هێزەکانی ئیسڕائیل بکاتە ئامانج."

دەزگای ڕاگەیاندنی فەڕمی سوریا ئاماژەی بەوەدا ئەو شوێنانەی کە ئیسڕائیل کردوونیەتە ئامانج دەکەونە نزیک گوندی حەزرەوە لە پارێزگای قەنتیرە لە نزیک بەرزاییەکانی گۆلان.

دەزگای ڕاگەیاندنی سوریا لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی سورییەوە بڵاویکردەوە " فڕۆکەکانی دوژمن کۆمەڵێک موشەکیان هەڵداوە بە ئاڕاستەی خاڵەکانی پشکنین لە ناو گوندی حەزر و تەل کرومی پارێزگای قەنتیرە و تەنها زیانی ماددی لێکەوتۆتەوە."

لە جەنگی ناوخۆی سوریادا ئیسڕائیل نیگەرانییەکانی زیاتر بووە بەهۆی فراوانبوونی دەسەڵاتەکانی ئێران لە سوریادا، هێزی ئاسمانی ئیسڕائیل دەیان ئامانجیان لە سوریا کردۆتە ئامانج و وەکو بڵاوبوونەوەی ئێران یاخوود گواستنەوەی چەک بۆ حیزبوڵای لوبنانی ئاماژەی پێداون.

لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسێکی ئیسڕائیل وتی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو بە ڕوسیای ڕاگەیاندووە کە وڵاتەکەی هەوڵی ئەوە نادات دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد لەناوببات بەڵام مۆسکۆ پێویستە وا بکات هێزەکانی ئێران لە سوریادا دەربکات.

ئیسڕائیل ترسی ئەوەی هەیە ئەسەد ڕێگە بدات بە ئێران لەنزیک هێڵە سنوورییەکانی ئیسڕائیلەوە بمێنێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG