Accessibility links

لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلدا 9 چەکداری سەر بە ڕژێمی سوریا کوژران


ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەدا لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر ناوەڕاستی سوریا 9 چەکداری سەر بە ڕژێمی سوریا کوژراون.

ئەو ناوچەیەش کە ئیسڕائیل بۆردومانی کردووە لەژێر کۆنتڕۆڵی سوپای سوریا و هێزەکانی ئێراندایە.

ڕوانگەی سوری وتی " 9 کەس بەهۆی هێرشە ئاسمانیەکەوە کوژراون، 4 کەسیان خەڵکی سوریان و تا ئێستا نەزانراوە سەر بە هێزەکانی ڕژێمی سوریان یاخود لە ڕیزەکانی هێزەکانی ئێران کاردەکەن، 5 کەسەکەی دیکە ناسنامەکانیان نەزانراوە."

وتیشی " هێشتا ژمارەکە دەکرێت زیاد ببێت چونکە هەندێکی دیکەیان بە سەختی برینداربوون."

بەڕێوبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕامی عەبدولڕەحمان بە فرانس پرێسی وت " هێرشە ئاسمانیەکان کارگەکانی بەرگری و ناوەندێکی توێژینەوەی دروستکردنی موشەکی مەودا کورتیان کردۆتە ئامانج، لە ناوچەی مسیاف لە حەمای ڕۆژئاوا."

ئاماژەشی بەوەدا " ئەو ناوچەیەی کراوەتە ئامانج لەژێر کۆنتڕۆڵی سوپای سوریادایە و ئێرانییەکانیشی لێیە."

ڕوانگەی سوری ئەوەشی خستەڕوو " هەندێک لە موشەکەکان لەلایەن بەرگری ئاسمانی ڕژێمی سوریاوە بەرپەرچ دراونەتەوە."

لەلای خۆیەوە دەزگای هەواڵی سوریا " سانا " باسی لە " دوژمنکارییەکانی ئیسڕائیل " کرد لە پارێزگای حەما.

وتی " بەرگری ئاسمانیمان بەرپەرچی دوژمنکارییەکانی ئیسڕائیلیان داوەتەوە لە ئاسمانی مسیاف لە حەما." بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا لەسەر سروشتی هێرشەکە و ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج.

جێی ئاماژەیە ئەمە یەکەمین جار نیە ئیسڕائیل مسیاف بکاتە ئامانج. دیمەشق چەند جارێک ئیسڕائیلی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی بۆردومانکردنی ئێرانییەکان و چەکدارانی حیزبوڵای لوبنانی لە ناوچەکەدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG