Accessibility links

بەهۆی هێرشی ئاسمانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر ڕەفەحی باشووری غەززە لانیکەم 9 فەلەستینی کوژراون


بەرپرسانی تەندروستی ژێر دەسەڵاتی حەماس لە غەززە ڕایانگەیاند بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر ماڵێک لە شاری ڕەفەحی باشووری غەززە لانیکەم 9 کەس کوژراون، شەش منداڵ لە نێو کوژراوەکاندا بوون، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئیسڕائیل بەردەوامە لە هەڵمەتە سەربازییەکەی لە کەرتی غەززەدا کە نزیکەی حەوت مانگە بەردەوامە.

جەنگەکەی ئیسڕائیل دژی حەماس لە غەززە بووەتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بەرگری شارستانی غەززە دەڵێت هێرشەکەی درەنگانێکی ڕۆژی هەینی لە بینایەکی نیشتەجێبوونی داوە لە گەڕەکی تەل سوڵتانی شاری ڕەفەح. بەپێی تۆماری نەخۆشخانەی ئەبو یوسف ئەلنەجاری شاری ڕەفەح، لاشەی شەش منداڵ و دوو ژن و پیاوێک گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکە.

ئەحمەد بەرهومی زاوای ئەو خێزانەی کە لە هێرشەکە کوژران وتی کوژراوەکان بریتی بوون لە عەبدلفەتاح سوبحی ڕەزوان و نەجلا ئەحمەدی هاوسەریی و سێ منداڵەکەیان. بەرهوم خێزانەکەی خۆی ڕەوان ڕەزوان و کچە 5 ساڵەکەشی لە دەستداوە.

ڕەفەح دەکەوێتە سەر سنووری میسڕ و لە ئێستادا زیاتر لە نیوەی دانیشتوانەکەی غەززە ڕوویان کردووەتە ئەو شارە و وەکو پەناگە بەکارییان هێناوە.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش داوای لە ئیسڕائیل کردووە خۆی بە دووربگرێت لە هێرشکردنە سەر ئەو شارە، بە ئەمەریکای هاوپەیمانی ئیسڕائیلیشەوە. حکومەتی ئیسڕائیل سوورە لەسەر ئەوەی کە دەیەوێت هێرشی زەمینی بکاتە سەر شارەکە و دەڵێت ئەو چەکدارانەی حەماس کە تاوەکو ئێستا لە غەززە ماونەتەوە لەو شارەدا خۆیان حەشارداوە.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG