Accessibility links

پەرلەمانی ئیسڕائیل متمانەی بەخشیە حکومەتە نوێێەکەی وڵاتەکە


پەرلەمانی ئیسڕائیل متمانەی بەخشیە حکومەتی یەکگرتوویی نوێی ئیسڕائیل بە ڕابەرایەتی سەرۆک وەزیر بنیامین ناتانیاهو و ڕکابەرەکەی پێشووی بێنی گانتز.

لە دەنگدانەکەدا 73 پەرلەمانتار حکومەتە نوێیەکەیان پەسەند کرد کە بۆ ماوەی 3 ساڵ کاردەکات، هاوکات 46 پەرلەمانتار ڕەتیان کردەوە، پەرلەمانتارێکیش ئامادەی دەنگدانەکە نەبوو.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو لە وتارەکەیدا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکە ڕایگەیاند سوورە لەسەر ئەوەی کەناراوەکانی ڕۆژئاوا بگرێتەخۆ کە مشتومڕێکی جیهانی و ناوخۆیی بەدوای خۆیدا هێناوە.

ناتانیاهو لەبەردەم پەرلەماندا وتی " کاتی ئەوە هاتووە یاسای ئیسڕائیل جێبەجێ بکەین و پەڕەیەکی دیکە لە مێژووی سەهیۆنیەت بنووسینەوە."

وتیشی " لەخۆگرتنی کەناراوەکانی ڕۆژئاوا لە ئاشتی دوورمان ناخاتەوە، بەڵکو لێیمان نزیک دەکاتەوە."

وتیشی " گەل حکومەتێکی یەکگرتووی دەوێت، ئەمڕۆ ئەوەیان دەست دەکەوێت."

مانگی ڕابردوو ناتانیاهو و بێنی گانتز ڕێکەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی یەکگرتوو کە تیایدا دەسەڵات دابەش بکەن. بەپێی ڕێکەوتنەکە ناتانیاهو تاوەکو 18 مانگ وەکو سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل دەمێنێتەوە و دوای کۆتای هاتنی ئەو ماوەیە دەسەڵات ڕادەستی بێنی گانتز دەکات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG