Accessibility links

ئیسرائیل بۆ جاری سێهەم قەدەغەکردنی هاتوچۆی سەرتاسەری ڕادەگەیەنێت


بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند ئیسرائیل بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوان بە کۆرۆنا، قەدەغەکردنی هاتوچۆ و داخستنی شوێنە گشتیەکان لەو وڵاتەدا ڕادەگەیەنێت.

لە بەیاننامەیەکدا کە نووسینگەی نەتانیاهۆدا بڵاوی کردۆتەوە، ڕاگەیەندراوە، کۆت و بەندەکان لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممەوە بۆ ماوەی 14 ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

سنوردارکردنەکان بریتین لە داخستنی دوکانەکان، سنوردارکردنی هێڵەکانی گواستنەوە، داخستنی بەشێک لە قوتابخانەکان و سنوردارکردنی گەشتکردن خەڵکی بۆ تەنها یەک کیلۆمەتر دوور لە ماڵەکانیانەوە، بێجگە لە چوونیان بۆ شوێنەکانی کار کە بە کراوەیی دەمێننەوە و چوون بۆ بازار بۆ کڕینی پێداویستییە گرنگەکان.

سەبارەت بە کەمینە کرستیانەکانی ئیسرائیل، وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، لە کاتی کریسمسدا بۆ مڕاسیمی ئاینی ڕێگا بە کۆبوونەوەی 10 کەسی دەدەن لە شوێنە داخروەکاندا و لە شوێنی کراوەشدا هەتا 100 کەس بۆیان هەیە کۆببنەوە.

ئیسرائیل کە ژمارەی دانیشتوانی 9 ملیۆن کەسە، تاکو ئێستا زیاتر لە 385 هەزار حاڵەتی توشبوون بە کۆڤیدی-19 هەیە و 3،150 حاڵەتی مردنیشی هەبووە بە هۆی ئەو ڤایرۆسەوە. ڕۆژی چوارشەممە وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند چوار کەسی تووشبووی بە جۆرە نوێیەکەی کۆرۆنا کە لە بەریتانیا دۆزراوەتەوە دەستنیشانیان کردووە.

داخستنەکانی ئیسرائیل هاوکاتە لەگەڵ هەڵمەتی کوتانی خەڵکی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتەدا. یولی ئێدڵستیان وەزیری تەندروستی بە ڕادیۆی لەشکری ئەو وڵاتەی گوت پێشبینی دەکات هەڵمەتەکان لە ماوەی چەند مانگێکدا تەواو بێت.

لەگەڵ ئەوەشدا توڕەیی گشتی بەرامبەر بە ناتانیاهۆ زیادی کردووە لەسەر کونتڕۆلکردنی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەروەهاوڵاتیش دوای شەڕوپێکدادانی بەردەوام لە نێوان هاوپەیمانانی دەسەڵاتدا، لە 23 ی مانگی سێدا هەڵبژاردنێک ئەنجام دەدات کە ئەمەش چوارهەمین هەڵبژاردنە لە ماوەی 2 ساڵی ڕابردوودا لەو وڵاتە ئەنجام بدرێت.

XS
SM
MD
LG