Accessibility links

ناتانیاهو سەبارەت بە ئێران و بەرنامە ناوەکییەکەی


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو وتی ئێران درۆی کردووە سەبارەت بەوەی کە دەڵێت هەوڵی نەداوە ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکیی و بەردەوام بووە لە پاراستنی ئەزموونەکانی پەیوەست بە چەکی ناوەکییەوە و لە دوای واژۆکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ەوە ئەو ئەزموونەی پەرەپێداوە.

ناتانیاهو وتی " سەرکردایەتی ئێران ڕەتیان کردۆتەوە هەوڵیاندابێت بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی، ئەمشەو من لێرەم بۆ ئەوەی یەک شتتان پێ بڵێم، ئێران درۆ دەکات."

ناتانیاهو وتی " یەکەم، ئێران سەبارەت بەوەی کە دەیوت بەرنامەی ناوەکیی نیە درۆی دەکرد. 100 بەڵگەنامەی نهێنی دەیسەلمێنن کە هەوڵی بە دەستهێنانی چەکی ناوەکیی داوە. دووەم، تەنانەت دوای ڕێکەوتنەکە ئێران بەردەوام بووە لەوەی پارێزگاری لە ئەزموونەکانی بکات سەبارەت بە چەکی ناوەکیی و باشترکردنی و بەکارهێنانی لە داهاتوودا. سێیەم، ئێران دووبارە لە ساڵی 2015 دا درۆی کرد کاتێک لەگەڵ دەزگای نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدا ڕوون نەبوو وەکو ئەوەی چۆن لە ڕێکەوتنەکەدا هاتووە و دەبێت وابێت."

ناتانیاهو وتی " دوای واژۆکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ئێران هەوڵەکانی زیاتر کرد بۆ شاردنەوەی بەڵگەنامە نهێنییەکانی، لە ساڵی 2017 دا ئێران بەڵگەنامەکانی چەکە ناوەکییەکەی گواستەوە بۆ شوێنێکی زۆر نهێنی لە تاران."

ناتانیاهو ئاماژەی بۆ پڕۆژەیەکی ناوەکیی نهێنی ئێرانی کرد بە ناوی " عماد " و وتی لە ساڵی 2003 دا ڕاگیراوە بەڵامکارکردن لەو بوارەدا بەردەوام بووە.

جێی ئاماژەیە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕەخنەیەکی زۆری لە ڕێکەوتنە ناوەکیەکە گرتووە کە تیایدا بەپێی ڕێکەوتنەکە زلهێزەکانی جیهان سزا داراییەکانیان لەسەر ئێران بەرزکردۆتەوە و لەبەرامبەریشدا ئێران دەبێت سنوور بۆ بەرنامە ناوەکییەکەی دابنێت.

سەرۆک ترامپ لەم هەفتانەی دواییدا هەڕەشەی کشانەوەی ئەمەریکای کرد لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە ئەگەر بێتوو دووبارە گفتوگۆی لەسەر نەکرێتەوە. ناتانیاهو وتی پێشبینی دەکات سەرۆک ترامپ شتە ڕاستەکە بکات لە دووبارە پێداچوونەوە بە ڕێکەوتنە ناوەکیەکەدا.

ناتانیاهو وتیشی " پێم وایە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر جیهان و وڵاتەکەمان و هەموو وڵاتانی دیکە ئەوەیە کە توندڕەوێکی ئیسلامی چەکی ناوەکیی هەبێت، بەدیاریکراوی هەوڵەکانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوەکیی."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG