وەزیری وزەی ئیسڕائیل یۆڤاڵ شتاینتز وتی ئیسڕائیل لەوانەیە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد بکوژێت و حکومەتەکەی بڕوخێنێت ئەگەر هاتوو ئێران خاکی سوریا بەکاربهێنێت بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی ئیسڕائیل.
شتاینتز کە ئەندامی ئەنجومەنی وەزیرانی ئاسایشە بە ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرونوتی وت " ئیسڕائیل هەتاکوو ئێستا دەستی وەرنەداوەتە جەنگی ناوخۆی سوریاوە."
وتیشی " ئەگەر سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد بەردەوام بێت لە ڕێگە پێدان بە ئێران تاوەکو لەناو خاکی سوریادا کار بکات ئەوا ئیسڕائیل لەناوی دەبات و ڕژێمەکەی دەڕوخێنێت."
هەروەها وتی " ئەگەر ئەسەد ڕێگە بدات ئێران سوریا بکاتە بنکەیەکی سەربازی دژی ئێمە، بۆ ئەوەی لە خاکی سوریاوە هێرشمان بکاتە سەر ئەوا دەبێت بزانێت کە ئەوە کۆتاییەکەیەتی."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز