Accessibility links

ئەردۆگان بۆ ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی: قودس پایتەختی فەڵەستینە


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان داوای لە زلهێزەکانی جیهان کرد دان بنێن بە قودسدا وەکو پایتەختی فەڵەستین و وتی دەبێت ئەمەریکا لەو بڕیارەی پاشگەز ببێتەوە کە قودسی وەکو پایتەختی ئیسڕائیل ناساند.

لە لێدوانێکدا لە کۆبوونەوەی لوتکەی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە ئەستەنبوڵ وتی بڕیارەکەی هەفتەی پێشووی واشنتن پاداشتێکە بۆ ئیسڕائیل لەسەر ئەرکە تیرۆریستیەکانی و وتیشی قودس هێڵی سوورە بۆ موسوڵمانان.

جێی ئاماژەیە تورکیا داوای سازدانی ئەم کۆبوونەوەیەی کردبوو وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ بڕیارەکەی ئەمەریکا سەبارەت بە قودس.

هەروەها وەزیری دەرەوەی تورکیاش مەولود چاوش ئۆغلۆ لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئەندام لە ڕێكخراوی هاریکاری ئیسلامیدا پێش دەستپێکردن کۆبوونەوەکە وتی " یەکەم دەبێت هەموو وڵاتانی دیکە دان بنێن بە دەوڵەتی فەڵەستیندا. دەبێت هەموومان تێبکۆشین بۆ ئەوە."

وتیشی " دەبێت هانی وڵاتانی دیکە بدەین دان بنێن بە فەڵەستیندا وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ بەپێی بنەمای سنووری ساڵی 1967.

سەرچاوە ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG