Accessibility links

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سوریا: کۆمەڵێک خۆکوژ هێرشە دەکەنە سەر بنکەیەکی پۆلیس لە دیمەشق


دەزگای ڕاگەیاندنی فەڕمی سوریا لە زاری وەزارەتی دەرەوەی سوریاوە بڵاویکردەوە سێ خۆکوژ لەنزیک بنکەیەکی پۆلیس لە ناوەڕاستی شاری دیمەشقدا خۆیان تەقاندۆتەوە و لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و شەش کەسی دیکە برینداربوون.

ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند و ئەمەش دووەم هێرشە لەو جۆرە لەم مانگەدا.

سەرۆکی پۆلیسی دیمەشق وتی دوو خۆکوژیان هەوڵیانداوە بێنە ناو بنکەی پۆلیسەوە و لەگەڵ پاسەوانەکاندا پێکدادان ڕوویداوە پێش ئەوەی لەسەر شەقامی خالید بن وەلید لە دەرەوەی بنکەکە خۆیان بتەقێننەوە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سوریا ڕایانگەیاند پۆلیس لە پشت بینای بنکەکەوە گەمارۆی خۆکوژی سێیەمی داوە و لەو کاتەدا خۆی تەقاندۆتەوە.

لیوا محەمەد خەیر ئیسماعیلی سەرکردەی پۆلیسی دیمەشق لە لێدوانەکانیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لەبەردەم بنکەی پۆلیسدا وتی " لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوەکە بەردەوامن و ڕەوشەکە لەسەر شەقامی خالید بن وەلید ئاسایی بۆتەوە."

لە بەیاننامەیەکی کەناڵی سەر بە ڕێکخراوی داعشدا هاتووە دەڵێت سێ خۆکوژیداعش بە چەکەوە هێرشیان کردۆتە سەر بنکەیەکی پۆلیس.

هەر لەم مانگەدا لەماوەی ڕابردوودا کۆمەڵێک خۆکووژی دیکە هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی پۆلیسی تر کە دەکەوێتە بەشەکەی دیکەی دیمەشقەوە و دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەو کاتەدا وتیان 17 کەس کوژراون. بە هەمان شێوە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشەش ڕاگەیاند.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG