Accessibility links

ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی تەقینەوەکانی سریلانکا ڕادەگەیەنێت


ڕێکخراوی داعش لەڕێی دەزگا ڕاگەیاندنەکەیەوە بەرپرسیارێتی تەقینەوەکانی سریلانکای ڕاگەیاند کە بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی ئێجگار زۆر هاوڵاتی و هەندێک لە بەرپرسانیش دەڵێن هێرشەکە وەکو تۆڵەسەندنەوەیەک بووە لە هێرشەکەی سەر دوو مزگەوتەکەی نیوزلەندا.

ئەم ڕاگەیاندنەی داعش دوای ئەوە هات سریلانکا وتی دوو کۆمەڵەی ئیسلامی ناوخۆیی گومانی ئەوەیان لێدەکرێت پەیوەندییان هەبووبێت بەو توندڕەوە بیانیانەوە کە باوەڕ وایە دەستیان هەبووبێت لە تەقینەوەکانی سریلانکادا.

سێ سەرچاوە بە ڕۆیتەرزیان وت هیندستان پێش چەند کاتژمێرێکی کەم لە تەقینەوەکان هەواڵگری سریلانکای ئاگادارکردۆتەوە لە ئەگەری ڕوودانی هێرش لەو وڵاتەدا.

سەرۆکی سریلانکا مایثریبالا سیریسینا وتی سەرکردایەتی هێزە چەکدارەکان دەگۆڕێت دوای ئەوەی بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان شکستیان هێناوە لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویستدا.

سیریسینا وتی " لە هەفتەکانی داهاتوودا هەیکەلی پۆلیس و هێزەکانی ئاسایش بەتەواوەتی دروست دەکەمەوە. پێشبینی دەکەم لە ماوەی 24 کاتژمێردا سەرکردەی دامودەزگا بەرگرییەکان بگۆڕدرێن."

وتیشی " ئەو بەرپرسانەی کە زانیارییەکانیان لە هەواڵگری وڵاتانی بیانییەوە وەرگرتووە پێیان نەوتووم. پێویست بوو ڕێوشوێنی گونجاو بگیردرایە بەر. بڕیارمداوە ڕێوشوێنێکی توند بگرمەبەر دژی ئەو بەرپرسانە."

حکومەتی سریلانکا دەڵێت بەلایەنی کەمەوە حەوت کەس بەشداربوون لە ئەنجامدانی هێرشەکاندا.

ڕێکخراوی داعش لە بەیاننامەیەکدا ناوی ئەو کەسانەی بڵاوکردەوە کە بە وتەی خۆی هێرشەکەیان ئەنجامداوە. هیچ بەڵگەیەکیشیان نەدا سەبارەت بە دروستی ڕاگەیاندراوەکەیان.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی پەرلەمانی سریلانکا لاکشمان کیریلا وتی لە دوای تەقینەوەکانەوە تا ئێستا 60 کەس دەستگیرکراون.

نوێنەری ئەمەریکاش لە سریلانکا وتی واشنتن پێشتر هیچ زانیارییەکی نەبووە سەبارەت بە ڕوودانی ئەو تەقینەوانە و بەڵام پێی وایە ئێستا پلانگێڕی دیکەی بەردەوام هەیە بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لە سریلانکا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG