ڕێکخراوی داعش وتی لەمیانەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا کە وابڕیارە مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت هێرش دەکاتە سەر بنکەکانی دەنگدان و ئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات بە کافر لە قەڵەمی دەدات.
وتەبێژی ڕێکخراوی داعش ئەبوحەسەن موهاجر لە پەیامێکی دەنگیدا حکومەتی عێراقی تۆمەتبار کرد بەوەی کە ئێران بەڕێوەی دەبات و هۆشیاریشیدا لەوەی هەموو ئەو کەسانە دەکاتە ئامانج کە خۆیان کاندید کردووە لە هەڵبژاردنەکانی 12 ی مانگی پێنجدا.
وتی " خەڵکی سوننەی عێراق ئاگادارتان دەکەینەوە بنکەکانی دەنگدان ئامانجی ئێمەن و دووربن لێیانەوە و لێیان نزیک مەکەونەوە."
جێی ئاماژەیە لە مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردوودا سەرۆک وەزیری عێراق حەیدەر عەبادی سەرکەوتنی بەسەر ڕێکخراوی داعش لە عێراق ڕاگەیاند.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز