Accessibility links

ڕێکخراوی داعش بێدەنگە سەبارەت بە کوژرانی ڕابەرەکەی و بەدوای خەلیفەیەکدا دەگەڕێت


ڕێکخراوی داعش بێ دەنگی هەڵبژاردووە سەبارەت بە کوژرانی ڕابەرەکەی ئەبوبەکر بەغدادی و ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ڕووخانی هەیکەلی سەرکردایەتی ڕێکخراوەکە کە هەوڵدەدات جێگرەوەیەک بدۆزێتەوە.

دەزگای هەواڵی ئەعماقی سەر بە ڕێکخراوی داعش بەردەوامە لە کاری هەمیشەیی خۆی و لە ڕۆژی یەکشەممەوە زیاتر لە 31 ڕاگەیەندراوی لەسەر هێرشەکانیان لە سوریا و میسڕ و ئەفغانستان و عێراق بڵاوکردۆتەوە.

شیکەرەوانی سیاسی دەڵێن سەرکردایەتی ڕێکخراوی داعش لە حاڵەتی سەرسوڕماندان و پێدەچێت هەوڵبدەن یەکگرتووی ڕیزەکانی ڕێکخراوەکە بپارێزن و ڕێک بکەون لەسەر دانانی خەلیفەیەک پێش ئەوەی کوژرانی بەغدادی پشت ڕاست بکەنەوە.

شارەزایەکی عێراقی لە بواری کاروباری توندڕەویی کۆمەڵایەتی هاشم هاشمی وتی " لەوانەیە ئێستا گێژاوێک هەبێت لەناوخۆی سەرکردایەتی داعشدا. یاریدەدەرە سەرەکییەکان کوژراون و بەڵگەنامەکان لەناوبراون."

وتیشی " دەیانەوێت ڕێک بکەون لەسەر دانانی خەلیفەیەک پێش ئەوەی کوژرانی بەغدادی ڕابگەیەنن." وتیشی لەوانەیە دابەشبوونێک لەناو ڕێکخراوەکەدا ئەوە دوابخات.

شیکەرەوان دەڵێن لەوانەیە ڕێکخراوەکە پێویستی بە گۆڕینی ناوەکەشی بێت چونکە خەلافەتی ئیسلامی کە بەغدادی ڕایگەیاند چیتر گونجاو نیە چونکە ڕێکخراوەکە خاکێکی زۆری لە سوریا و عێراق و لیبیا لەدەستدا کە لە ساڵی 2017 دا لەژێر دەسەڵاتی چەکدارەکانیدا بوون.

ڕۆژی یەکشەممە سەرۆک ترامپ وتی زۆرێک لە شوێنکەوتووانی بەغدادی کوژراون.

ڕۆژی سێشەممە سەرۆک ترامپ لە تویتەر نوسی سوپای ئەمەریکا ئەو کەسەشی کوشتووە کە وا پێدەچوو ببێتە جێگرەوەی بەغدادی و ببێتە ڕابەری ڕێكخراوی داعش. سەرۆک ترامپ ئاماژەی بە ناوی ئەو کەسە نەدا بەڵام بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کوژرانی ئەبو حەسەن موهاجیری پشت ڕاستکردەوە کە وتەبێژی ڕێكخراوەکە و کەسایەتییەکی دیاری داعش بوو.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG