Accessibility links

هێزەکانی ئاسایشی عێراق هەڵیانکوتایە سەر بنکەیەکی چەکدارانی سەر بە ئێران لە بەغداد


بەرپرسانی حکومەت و کۆمەڵێک سەرچاوەی نیمچە سەربازی ئاماژەیان بەوەدا هێزەکانی ئاسایشی عێراق هەڵیانکوتاوەتە سەر بنکەیەکی گروپێکی چەکداری سەر بە ئێران لە باشووری بەغداد و دەیان کەسیان دەستگیرکردووە.

ئەم جوڵەیەی هێزەکانی عێراق بە جوڵەیەکی ئازایانە دادەنرێت لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دژی گروپێکی نیمچە سەربازی بەهێز کە لەلایەن تارانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت و بەشێکن لە کەتائیب حیزبوڵا کە ئەمەریکا تۆمەتباری کردوون بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشی موشەکی دژی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق.

سەرچاوە نیمچە سەربازییەکان و بەرپرسانی حکومەتی عێراق ئاماژەیان بەوەدا ئەوانەی دەستگیرکراون دوای ماوەیەکی کەم گواستراونەتەوە بۆ باڵی ئاسایشی هێزەکانی حەشدی شەعبی.

بەڵام بەرپرسێکی حکومی دیکە ئەوەی ڕەت کردەوە و وتی دەستگیرکراوەکان هێشتا لە دەزگای ئاسایش دەستبەسەرکراون. بەرپرسێکی حەشدی شەعبی وتی ژمارەی دەستگیرکراوەکان 19 کەسن لەکاتێکدا بەرپرسێکی حکومی وتی ژمارەکە 23 کەسە.

سەرۆک وەزیری عێراق مستەفا کازمی وتی هەڵوێستی توندی دەبێت بەرامبەر ئەو گروپە چەکدارییانەی کە دامەزراوە ئەمەریکییەکان لە عێراق دەکەنە ئامانج، ئەم جوڵەیەی هێزەکانی ئاسایشی عێراقیش بە یەکەمین ئاماژە دادەنرێت لەسەر سووربوونی کازمی لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەیدا.

بەرپرسێکی حکومی بە ڕۆیتەرزی وت یەکێک لە سێ سەرکردە دەستگیرکراوەکان ئێرانییە. وتیشی هێزە تایبەتیەکانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەڵکوتانەکەیان ئەنجامداوە.

بەرپرسێکی دیکەی حەشدی شەعبی وتی هیچ ڕابەرێکی کەتائیب حیزبوڵا دەستگیرنەکراوە.

هەروەها وتەبێژی هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە عێراق هەواڵی ڕادەستکردنی سەرکردە دەستگیرکراوەکانی بە سوپای ئەمەریکا ڕەت کردەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG