سەرکردایەتی ناوەندی لەشکری ئەمەریکا (CENTCOM) لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، لە هێرشێکی ئاسمانی وردی عێراقدا بە هاوکاری ئەمەریکا لە نزیک کەرکوک پێنج چەکداری داعش کوژراون.
وتیشی " دوای هێرشە ئاسمانییەکە لە شوێنەکەدا قایشی خۆتەقاندنەوە و چەندین شتی دیکە دۆزراونەتەوە."
ئاماژەی بەوەشکرد " ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکردایەتی هێزە تایبەتەکانی عێراق بەشێکە لە هەڵمەتە بەردەوامەکەی شکستهێنانی داعش بۆ لە ناوبردن و تێکدانی تواناکانی داعش و تێکدانی شانە و تۆڕەکانی هێرشکردنییان."
وتیشی هێزی کاری هاوپەیمانان لە ڕێی دابینکردنی پشتیوانی تەکنیکی و هەواڵگرییەوە پشتیوانییان لە ئۆپەراسیۆنەکەی هێزە تایبەتەکانی عێراق کردووە.
سەرکردایەتییەکە ئاماژەی بەوەدا کە داعش هێشتا مەترسییە بۆ سەر ناوچەکە و دەرەوەش، گوتیشی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانیدا بەردەوام دەبێت لە گەڕان بە دوای ئەم تیرۆریستانە و پاراستنی وڵاتمان.