Accessibility links

كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق ئه‌نجامی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی به‌ده‌ست بڵاوكرده‌وه‌


لۆگۆی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجامی كۆتایی جیاكردنەوەو ئەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ڕاگەیاند.

ماڵپەڕی فەرمی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەبەیاننامەیەكدا، كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی كاتژمێر(2:13 AM) به‌كاتی به‌غداد بڵاویكردەوە ئەنجامی كۆتایی جیاكردنەوەو ئەژماركردنەوەی دەنگەكانی بەدەست لەپارێزگاكانی عێراق ڕاگەیاند. بەپێی ئەو ئەنجامانەی كۆمسیۆن بڵاویكردنەوە، هیچ گۆڕانكارییەك لەئەنجامەكانی هەڵبژاردن و ژمارەی كورسییە بەدەست هاتووكانی لایەنە عێراقی و كوردییەكان لەناوخۆی عێراق‌و هەرێمی كوردستان ڕووینەداوە، جگە لەوەی ئەژماركردنەوەی دەنگی سێ وڵاتی دەرەوەی عێراقیش هەمان ئەنجامی هەبووە.

دوای ناڕەزایی بەشێك لەلایەنە عێراقی‌و كوردییەكان لەئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی (12ی ئایار) و داواكردنی جیاكردنەوەو ئەژماردنەوی دەنگەكان بەدەست لەبری ئامێری ئەلیكترۆنی ڕۆژی (2018/6/6) پەرلەمانی عێراق سێیەم هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراقی پەسەندكرد، جگە لەبڕیاری جیاكردنەوەو ئەژماركردنەوەی دەنگی هەڵبژاردن بەدەست، هەروەها بڕیاری سڕكردنی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی دەركرد بە گومان و تۆمەتی ساختەكاری لە ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی هەڵبژاردن.

سه‌ره‌ڕای ڕوونەدانی هیچ گۆڕانكاریەك لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، هه‌روه‌ها بەپێی بەیاننامەیەك، كە میدیا لۆكاڵیە عێراقییەكان بەناوی (معن هیتاوی) سەرۆكی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی هەڵبژاردنەكانی عیراق بڵاویانكردووەتەوە، هیتاوی ڕایگه‌یاندووه‌ "دوای سێ مانگ ، ئەنجامەكانی جیاكردنەوە و ئەژماردنەوەی دەنگەكان ‌و هاوتابوونی لەگەڵ جیاكردنەوە و ئەژماركردنەوەی دەنگەكان بە ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان دەریخست، كە ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی هەڵبژاردن هیچ گرفتێكیان نەبووە"

ڕۆژی (12ی ئایار)ی ڕابردوو، هەڵبژاردن بۆ (329) ئەندامی خولی چوارەم لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەرتاسەری عێراق بەڕێوەچوو،به‌پێی ده‌ستوری عراقیش په‌سه‌ندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان، یه‌كێكه‌ له‌تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی دادگای فیدراڵی عێراق.

XS
SM
MD
LG