Accessibility links

كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی عیراق ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی له‌ 1021 وێستگه‌ی ده‌نگدان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌


بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان له‌شاری دهۆك-فۆتۆ سه‌لام باڵایی-په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مریكا-دهۆك

كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق ئه‌نجامی ده‌نگه‌كانی زیاتر له‌ هه‌زار وێستگه‌ی ده‌نگدان له‌ چه‌ند پارێزگایه‌كی عیراق و چه‌ندین وێستگه‌ی بنكه‌كانی ده‌نگدانی له‌ده‌ره‌وه‌ی عیراق هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق بڵاویكرده‌وه‌ ڕایگه‌یاند" سەرەڕای سەیركردنی سكاڵای لایەنە سیاسیەكان لەسەر ئەو سندوقانەی گومانیان لێی هەبووە، كۆمسیۆن چەندین لیژنەی پێكهێناوە بۆ چاوخشاندنەوە بەو وێستگانەی گومانی هەیە یارییان پێ‌ كراوە."

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاراندا ئاماژه‌ به‌ ناوی ئه‌و پارێزگایانه‌ی ناوخۆی عیراق كراوه‌ كه‌ له‌چه‌ندیدن وێستگه‌یاندا ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی تێدا هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێت" له‌ دهۆك 224، كەركوك 186،موسڵ 179 وێستگە هەڵوەشێنراوەتەوە، هه‌روه‌ها دوای ئه‌وانیش له‌ سلێمانی 96، هەولێر 73، ئەنبار 50، بەغدا 6، سەڵاحەدین 36 و دیالە 2 وێستگە ئه‌نجامه‌كانی ده‌نگدانیان تێدا هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه‌، كه‌ كۆی گشتی ده‌كاته‌ 956 وێستگە له‌ ناوخۆی عیراق عیراق."

هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران ناوی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی عیراق و ژماره‌ی وێستگه‌كانی خستۆته‌ڕوو كه‌ ئه‌نجامی ده‌نگدانیان تێذا ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌" لە دەنگدانی دەرەوەدا 67 وێستگە رەتكراونەتەوە (ئەمریكا 31 ، ئوردن 22 ،ئەڵمانیا 10، ، سوید 2، بەرتیانیا 1 و توركیا 1)، بەوەش كۆی گشتی ئەو سندوقانەی هەڵوەشێنراونەتەوە دەگاتە (1021) سندوق."

به‌یاننامه‌كه‌ جه‌ختی له‌وه‌كردۆته‌وه‌" ئامێره‌كانی ده‌نگدان له‌ شوێنێكی پارێزراودان و هه‌روه‌ها ده‌شڵێت" به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر وه‌رگرتنی سكاڵای لیستو لایه‌نه‌كان هه‌روه‌ها سزادانی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ به‌رپرسن له‌و پێشێلكاریه‌."

ڕۆژی دووشه‌مه‌ی ڕابردوو په‌رله‌مانی عیراق له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا چه‌ندین بڕیاری له‌باره‌ی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌عیراق ده‌ركرد و به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عیراق پێویسته‌ كۆمسیۆن له‌ 10%ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست جارێكی تر ئه‌ژمار بكاته‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌نگدانی له‌ده‌ره‌وه‌ی عیراق ڕه‌تكرده‌وه‌، هه‌ر ئه‌مڕۆ ئارام شێخ محه‌مه‌د جێگری سه‌رۆكی دووه‌می په‌رله‌مانی عیراق له‌گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند؛ ئه‌گه‌ر كۆمسیۆن بڕیاره‌كانی په‌رله‌مان جێ به‌جێ نه‌كات ئه‌وا ڕوبه‌ڕووی لێپرسینه‌وه‌ و دادگا ده‌بنه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌وته‌ی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق" به‌ڵگه‌كانی كه‌له‌سه‌ر كۆمسیۆنن ئه‌و به‌ڵگانه‌ن كه‌ناتوانن لێی ده‌ربچن."

XS
SM
MD
LG