Accessibility links

"بەپێی سوێندی دەستووریی پەرلەمانتار پابەندە بەپاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق لەناوخۆو دەرەوە"


دكتۆر شۆڕش حه‌سه‌ن-پسپۆڕی یاسای ده‌ستوری

د.شۆڕش حه‌سه‌ن پسپۆڕی یاسایی ده‌ستوری و مامۆستا له‌ كۆلێژی یاسای زانكۆی سلێمانی ده‌ڵێت"مادده‌(٥٠)ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراق تایبه‌ت به‌ ده‌قی سوێندخواردنی په‌رله‌مانتاران به‌ته‌واوی و ڕوونی مه‌به‌ستی پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراقه‌،كه‌ ئه‌وه‌ش مه‌رجه‌ بۆ هه‌ركاندیدێك بیه‌وێت ببێته‌ په‌رله‌مانتار ده‌بێت سوێنده‌كه‌ بخوات و بڕوای به‌یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق هه‌بێت."

دوێنێ دووشه‌مه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ د.موسه‌نا ئه‌مین سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عیراق،هه‌روه‌ها ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌میانه‌ی دوو وتووێژی جیادا له‌گه‌ڵ(ژیار محه‌مه‌د)له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ سوێند خواردنی په‌رله‌مانتاران،د.موسه‌نا ڕایگه‌یاند"بڕوام به‌یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق نیه‌ و سوێنده‌ ده‌ستوریه‌كه‌ش باسی یه‌ك پارچه‌یی خاكی عیراق نیه‌."به‌ڵام ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید،سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی وتبووی"ئه‌و سوێنده‌ ده‌ستوریه‌ به‌ته‌واوی مه‌به‌ستی پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراقه‌،وه‌ هه‌ركه‌س بڕوای به‌یه‌ك پارچه‌یی خاكی عیراق نیه‌ بۆ ده‌بێته‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانی عیراق؟!،ئه‌گه‌ر ڕاست ده‌كات بێت له‌ به‌غداد ئه‌و قسه‌یه‌ بكات."

لای خۆیه‌وه‌ د.شۆڕش حه‌سه‌ن پسپۆڕی یاسای ده‌ستوری له‌میانه‌ی وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ٠ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا باسی له‌ماده‌(٥٠)ی ده‌ستوری عیراقی كرد و وتی"ئەو سوێندە دەستوریەی لە مادەی(50) ی دەستوری عێراقی ساڵی (2005)بریاری لێدراوە بۆ پەرلەمانتاران، مەبەستی ئەوەیە كە پەرلەمانتاران پابەند بكات بە پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراقەوە، واتە پەرلەمانتار دوای ئه‌و سوێنده‌ پابەند دەبێت بە پاراستنی یەكپارچەیی خاكی دەوڵەتی فیدراڵی عێراق. بۆی نیە بە هیچ شێوەیەك داوای جیابونەوە بكات یا لایەنگیری بكات."

د.شۆڕش زیاتر ڕونیكرده‌وه‌ و وتی"سوێنده‌ یاساییەكە جەخت لە سەر یەك پارچەیی خاكی عێراق دەكاتەوە، ئەگەر كاندید بە پێچەوانەی ئەمە بانگەشەی كردو دواتریش كە سەركەوتنی بەدەست هێناو سوێندی خوارد، مانای وایە ئەو كاندیدە راستگۆ نیە هەم لەگەڵ خودی خۆی وهەم لەگەڵ دەنگدەرانی، چونكە ناوەرۆكی سوێندەكە روون و ئاشكرایە، بەڵام كاتێ‌ ئەو بڕوای پێ‌ نەبێت وسوێندیش بخوات، واتە كەسێكی خۆپەرستە وبەدوای بەرژەوەندیە تایبەتیەكانی خۆیدا دەگەرێت، بۆیە بەلایەوە گرنگ نیە سوێند بە شتێك بخوات كە بڕوای پێ‌ نیە، چونكە ئەو كەسێكی مەبدەئی و خاوەن هەڵوێستی سیاسی روون وئاشكرا نیە بەڵكو بەدوای بەرژەوەندیە مادی وتایبەتیەكانی رادەكات. "

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا له‌یاسادا سزا بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ دیاریكراوه‌ كه‌ سوێندی یاسایی ده‌شكێنن یا ده‌ڵێن بڕوامان پێی نیه‌؟د.شۆڕش حه‌سه‌ن مامۆستا له‌ كۆلێژی یاسای زانكۆی سلێمانی وتی"سزای كاندید یا پەرلەمانتار تەنها سزایەكی مەعنەویە واتە سزایەكی مادی دیاری نەكراوە بۆ ئەو كاندید و پەرلەمانتارەی كە پێچەوانەی سوێندە دەستوریەكەی هەڵسوكەوت دەكا، واتە سزاكە سزایەكی ئەخلاقی و ویژدانیە كە رووبەرووی دەبێتەوە نەك سزایەكی یاسایی مادی، چونكە رەفتاركردن بە پێچەوانەی سوێندی دەستوری لە دەستوری عێراقدا تەنها بۆ سەرۆكی كۆمار وەك سزای مادی بەسەریدا سەپێنراوە لە مادەی (61/شەشەم)، كە بە هۆكارێك دادەنرێت بو دادگاییكردنی لەلایەن دادگای فیدراڵی باڵاوە و لابردنی لەو پۆستە لە سەر بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام پابەند نەبونی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بە سوێندی دەستوری تەنها ڕووبەڕووی لۆمەی ویژدان وكۆمەڵگایان دەكاتەوە وەك سزایەكی مەعنەوی و ئەخلاقی نەك ڕووبەڕوی سزای مادی و یاسایی دیاریكراویان بكاتەوە وەك چۆن بۆ سەركۆمار دیاریكراوە."

د.شۆڕش حه‌سه‌ن ئه‌وه‌شی وت"پاراستنی عێراق وەك ئەركی پەرلەمانتاران به‌پێی سوێنده‌ ده‌ستوریه‌كه‌ پێویستە لە هەموو مەترسی وهەڕەشەیەك ، جا ئەوانە لە ناوخۆی عێراق سەر هەڵ بدەن یا لەدەرەوەی عێراقەوە بێن، بۆیە پەرلەمانتار پابەندە بە پاراستنی یەكپارچەیی و سەروەری عێراق لە هەر دەستدرێژی ومەترسیەك سەرچاوەكەی لە هەر كوێیەك بێت دەرەوەی عێراق یا لەناوەوەی هەڵقوڵا بێت."

XS
SM
MD
LG