Accessibility links

یه‌كه‌م دانیشتنی دادگای فیدراڵی له‌سه‌ر فرۆشتنی نه‌وت له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌چوو


Iraqi Federal Court.KRG

وه‌زیری نه‌وتی عیراقی له‌سكاڵایه‌كدا له‌به‌رده‌م دادگای باڵای فیدراڵی عیراقی داواده‌كات كه‌ دادگا بڕیاربدات به‌ڕاگرتنی ده‌رهێنان و هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان به‌شێوازی ڕاسته‌وخۆ،هه‌روه‌ها داواش ده‌كات كه‌سه‌رجه‌م ئه‌و پارانه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم به‌شێوازی ڕاسته‌وخۆ ده‌ستی كه‌وتووه‌ بیگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ حكومه‌تی عیراق.

به‌پێی ماڵپه‌ڕی فه‌رمی دادگای باڵای فیدراڵی عیراقی"ئه‌مڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عیراقی دانیشتنێكی ئه‌نجامدا له‌سه‌ر سكاڵایه‌كی تانه‌دان له‌سه‌ر ده‌رهێنان و هه‌نارده‌كردنی نه‌وت به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.دادگا بڕیاریدا هه‌ریه‌كه‌ له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقی فیدراڵی و سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نی سێیه‌م بخاته‌ ناو داواكه‌وه‌،به‌و پێیه‌ی داواكه‌ ڕووی ده‌ستوری و سیاسی و ئابوری هه‌یه‌."

لای خۆیه‌وه‌ ئیاس ساموك وته‌بێژی فه‌رمی دادگای باڵای فیدراڵی ڕایگه‌یاند"ئه‌مڕۆ دوو شه‌مه دادگای باڵای فیدراڵی به‌سه‌رۆكایه‌تی دادوه‌ر قازی مه‌دحه‌ت مه‌حمود،وه‌ ئاماده‌بونی سه‌رجه‌م ئاماده‌بوانی دادگا دانیشتنێكی ئه‌نجامدا له‌سه‌ر سكاڵایه‌كی وه‌زیری نه‌وتی عیراقی(سه‌ره‌ڕای پۆسته‌كه‌ی)له‌سه‌ر وه‌زیری سامانه‌سروشتیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان(سه‌ره‌ڕای پۆسته‌كه‌ی)."

وته‌بێژی دادگا ئه‌وه‌شی وتووه‌"لایه‌نه‌كانی داواكه‌ داوایان له‌دادگا كردووه‌ كه‌ بڕیاربدات به‌ ڕاگرتنی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانی عیراق به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ،وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و پارانه‌ی كه‌حكومه‌تی هه‌رێم له‌فرۆشتنی نه‌وت ده‌ستیكه‌وتووه‌،به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌وت سامانی سه‌رجه‌م گه‌لی عیراقه‌."

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی وتووه‌"به‌مه‌به‌ستی پێدانی ماوه‌ی یاسایی به‌لایه‌نه‌كانی داواكه‌،دادگا بڕیاریدا دادگایی كردن دوابخات بۆ ڕۆژی(٦-٥-٢٠١٨)."

XS
SM
MD
LG