Accessibility links

پـۆلیسی نێودەوڵەتی وەزیرێکی پـێشووی عێراق لەسەر گەندەڵی ڕادەستی بەغدا دەکات


کاربەدەستانی عێراق ڕایانگەیاند پـۆلیسی نێودەوڵەتی (ئنتەرپول) وەزیری پـێشووی بازرگانی ڕادەسـتی بەغدا کرد، ئەمەش پاش چەند ساڵێک لەوەی لەسەر گەندەڵی دادگاکانی عێراق سزای زیندانیان بۆ دەرکرد.

کاربەدەستێکی حکومەتی عێراق ئەمڕۆ پـێنجشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت پـۆلیسی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی بەغدای نێودەوڵەتیـیەوە عەبدولفەلاح ئەلسودانی ڕادەستی دەسەڵاتدارانی عێراق کرد، ئەمەش یەکەم جارە کاربەدەستێکی باڵای پـێشووی عێراق بە دەستگیرکراویی لە لایەن پـۆلیسی نێودەوڵەتیـیەوە ڕادەستی بەغدا بکرێت.

سودانی لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو لەسەر داوای پـۆلیسی نێودەوڵەتی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەیرووتی لوبنان دەسـتگیرکرا.

دەستەی نەزاهەی عێراق لەسەر ماڵپەڕی خۆی هەواڵی دەسـتگیرکردنەکەی پشـتڕاستکردووەتەوە و نووسیویەتی لە پاش هەوڵێکی زۆری دەزگاکەیان توانرا عەبدولفەلاح ئەلسودانی بهێنرێتەوە وڵات.

سودانی ئەندامی پارتی دەعوەی باڵی ڕێکخراوی عێراق بوو و لە ساڵی 2005 بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا و لە حکومەتی ئیبراهیم جەعفەری سەرۆکی وەزیری پـێشوو پـۆستی وەزیری پەروەردەی گرتەدەست و پاشان وەزیری بازرگانی.

ناوبراو لە 9 کەیسی گەندەڵی و پارەخواردن تۆمەتبارکرا و لە 8 کەیسیاندا دادگاکان بەبێ ئامادەبوونی سزای زیندانیان بۆ دەرکرد. دەڵێن حوکمی 7 ساڵ زیندانی دراوە.

XS
SM
MD
LG