Accessibility links

ئارێز عه‌بدوڵا:په‌رله‌مانتاری كورد ناوی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كوردانه‌یان داوه‌ به‌ په‌رله‌مانی عیراق بۆ دادگایی كردنیان


ئارێز عەبدوڵا

ئارێز عه‌بدوڵا سه‌رۆكی فڕاكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌ڵێت"په‌رله‌مانتاری كورد ناوی ئه‌و پانزه‌ په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ی داوه‌ به‌ په‌رله‌مانی عیراق تا له‌سه‌ر ڕیفراندۆم لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت و دادگایی بكرێن،ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن ناسیاوه‌كان ئه‌وانه‌ی له‌ كۆمیته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ن به‌منیان وت،په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنه‌كه‌ی خۆتان بووه‌ كه‌ناوی تۆی داوه‌ به‌ ئێمه‌ كه‌ده‌نگم داوه‌ له‌ ڕیفراندۆمدا."و ده‌شڵێت"به‌پێی ئه‌و ماده‌یه‌ی دۆسیه‌ بۆ ئه‌و پانزه‌ په‌رله‌مانتاره‌ كراوه‌ته‌وه‌ ئه‌گه‌ر سزابدرێین سزاكه‌مان له‌سێداره‌دانه‌."

دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ جارێكی تر په‌رله‌مانی عیراق له‌ دانیشتنی ئاسایی خۆیدا گفتوگۆی له‌سه‌ر كه‌یسی ئه‌و پانزه‌ په‌رله‌مانتاره‌ كرد كه‌ به‌ تۆمه‌تی ده‌نگدان و پشتگیری كردن له‌ ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان داوای لێپێچینه‌وه‌ و سزادانیان ده‌كرێت.

ئارێز عه‌بدوڵا سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌په‌رله‌مانی عیراق له‌میانی گفتوگۆیه‌كی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند"ژماره‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كوردانه‌ی پشتگیری ڕیفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانیان كرد زیاتره‌ له‌(١٥)په‌رله‌مانتار،به‌ڵام به‌ته‌نها ئه‌و پانزه‌ په‌رله‌مانتاره‌ دۆسیه‌یان له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن كۆمیته‌یه‌كی تایبه‌ت له‌ په‌رله‌مانی عیراق."

ئارێز عه‌بدوڵا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد"ناوی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كوردانه‌ له‌دوو سه‌رچاوه‌وه‌ گه‌یشتووه‌ به‌و كۆمیته‌یه‌،به‌شێكیان له‌ڕێگای به‌دواداچونی خۆیان و وه‌رگێڕانی قسه‌كانی ئێمه‌وه‌ بووه‌،سه‌رچاوه‌ی دووه‌میش چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی كورده‌ كه‌ناوی ئێمه‌یان داوه‌ به‌په‌رله‌مانی عیراق بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ و سزادان."

سه‌رۆكی فڕاكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان وتیشی"له‌لایه‌ن ناسیاو و خه‌ڵكانێك له‌ كۆمیته‌كه‌ پێیان وتم كه‌ په‌رله‌مانتاری خۆتان(یه‌كێتی) ناوی تۆی داوه‌ به‌ كۆمیته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ نه‌ك به‌ته‌نها پشگیری له‌ڕیفراندۆم به‌ڵكو ئه‌وه‌شی وتوه‌ كه‌ من ده‌نگم به‌به‌ڵێ داوه‌ له‌ڕیفراندۆمدا."

ئارێز عه‌بدوڵا ئه‌وه‌شی وت"هه‌ر ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ یه‌كێتیه‌ كه‌ له‌فڕاكسیۆنه‌كه‌ی خۆمه‌ ناوی منی داوه‌ گوایه‌ بڕوانامه‌كه‌م ساخته‌یه‌ و ئێستا دۆسیه‌كه‌ له‌ دادگایه‌ بێگومان دواتر به‌تۆمه‌تی ناوزڕاندنم(ته‌شهیر)سكاڵای له‌سه‌ر تۆمارده‌كه‌م،به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی دادگا ئه‌و تۆمه‌ته‌ی بۆی دروست كردوم ڕه‌تی كرده‌وه‌ سكاڵاكه‌ تۆمارده‌كه‌م له‌سه‌ری."

ئارێز عه‌بدوڵا كه‌ له‌هه‌مانكاتدا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌،باس له‌هه‌ڵوێست و ڕێو شوێنی فراكسیۆنه‌كه‌ی و حیزبه‌كه‌ی ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ یه‌كێتیه‌ی ناوی ئه‌وی داوه‌ته‌ په‌رله‌مانی عیراق به‌هۆی ده‌نگدان له‌ڕیفراندۆم و تۆمه‌تی ساخته‌كردن له‌ بڕوانامه‌كه‌یدا،وتی"تا ئێستا وه‌ك فراكسیۆن هیچ ڕێوشوێنێكمان نه‌گرتۆته‌ به‌ر به‌ڵام به‌ حیزبه‌كه‌مم وتوه‌ و ئه‌وان به‌كارێكی نه‌شیاوییان زانی ئه‌و كارانه‌ چونكه‌ ئێمه‌ په‌رله‌مانتارین بۆ به‌رگریكردن له‌مافی گه‌له‌كه‌مان له‌به‌غداد نه‌ك بۆ ناودان و تۆمه‌ت دروستكردن بۆ یه‌كتری."

سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی وتیشی"ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ی ڕابردوو كاتێك په‌رله‌مانی عیراق گفتوگۆی له‌سه‌ر سزادانی ئه‌و پانزه‌ په‌رله‌مانتاره كورده‌ ده‌كرد فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان هۆڵه‌كه‌یان به‌جێهێشت به‌ڵام دوو په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنه‌كه‌ی من(فراكسیۆنی یه‌كێتی)له‌ناو هۆڵه‌كه‌ مانه‌وه‌."

وتیشی"ته‌نانه‌ت من وه‌ك سه‌رۆكی فڕاكسیۆن پێم ناخۆش بوو كه‌ ئه‌و دوو په‌رله‌مانتاره‌ی فراكسیۆنه‌كه‌ی من له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مان مانه‌وه‌،له‌كاتێكدا په‌رله‌مان گفتوگۆی له‌سه‌ر سزادانی پانزه‌ په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كه‌ ده‌كرد له‌سه‌ر ڕیفراندۆم،ئه‌گه‌رچی ڕه‌نگه‌ ئه‌وان پاساوی خۆیان هه‌بێت بۆ نه‌هاتنه‌ ده‌ر به‌ڵام ده‌بوو بۆ پاراستنی یه‌ك ده‌نگی كورد بهاتنایه‌ ده‌ر،ته‌نانه‌ت فراكسیۆنی گۆڕان كه‌ ناوی هیچ په‌رله‌مانتارێكی تدا نیه‌ به‌ڵام هاتنه‌ ده‌ر وه‌ك هاوهه‌ڵوێستی و یه‌ك ده‌نگی كورد ."

ئارێز عه‌بدوڵا باسی له‌و سزایه‌ كرد كه‌ په‌رله‌مانی عیراق گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كات و وتی"داوایان كردوه‌ له‌كاری په‌رله‌مانی بمانوه‌ستێنن و حه‌سانه‌مان له‌سه‌ر هه‌ڵگرن وه‌ ئه‌و مادده‌ یاساییه‌ی ئه‌وان لێكۆڵینه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن سزاكه‌ی له‌سێداره‌دانه‌ به‌پێی یاسای سزادانی عیراقی له‌كاتێكدا ده‌ستور هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌وان باز ده‌ده‌ن به‌سه‌ر ده‌ستوردا و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ یاسا كۆنه‌كه‌ی عیراق."

سه‌باره‌ت به‌ناوی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌.ئارێز عه‌بدوڵا وتی"ناوی هه‌رسێ سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كه‌(یه‌كێتی،پارتی،یه‌كگرتووی)یئیسلامی تێدایه‌ له‌گه‌ڵ ناوی ١٢ په‌رله‌مانتاری دیكه‌.... ناوی ئه‌و دوانزه‌ په‌رله‌مانتاره‌ و ورده‌كاری زیاتر له‌ده‌قی گفتوگۆكه‌ی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌په‌رله‌مانی عیراق گوێبیست ببه‌)

XS
SM
MD
LG