Accessibility links

"پێشنیاره‌كانی لایه‌نی عیراقی به‌ مه‌نتیقی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی وه‌زاره‌ت و هێزه‌كانی پشمه‌رگه‌ دێت"


ژماره‌یه‌ك پێشمه‌ركه‌ له‌كاتی ئه‌ركه‌كانیان له‌نزیك كه‌ركوك:فۆتۆ:ژیار محه‌مه‌د

حکومەتی عیراقی پێشنیار بۆ هەرێمی کوردستان دەکات کە سوپای عیراق بێتە ناوچه‌كانی ژێرده‌ستی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەش بکرێنە مەفرەزەی بچوک و بەتەنها چەکی کڵاشینکۆفیان پێبيت،ئه‌مەش بەپێی وتەی بەڕێوەبەڕی گشتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

هەڵگورد حیکمەت بەڕێوەبەڕی گشتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا باسی لە دواین پێشهاتەکانی نێوان هێزەکانی پيشمەرگە لەگەڵ سوپای عیراق و چەکدارانی حەشدی شەعبی کرد و وتی"لەدوای (16)ی ئۆکتۆبەرەوە بەردەوام سوپای عیراق و چەکدارانی حەشدی شەعبی پێشرەوییان دەکرد و دەهاتنە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان،بەڵام لەدوای شکانیان لە(پردێ،مەحمودیە و زومار)،ئێستا شەڕ وەستاوە و پێشمەرگەش لەوناوچە سنوریانەی لەگەڵ سوپای عیراق و حەشدی شەعبی لە حاڵەتی بەرگریدان"

هەڵگورد حیکمەت باسی لەوەکرد لایەنی هەرێمی کوردستان و لایەنی عیراقی کە وەفدێکی وەزارەتی بەرگرین چەند جارێک کۆبونەته‌وە و دانوستانیان ئەنجامداوە بەڵام ئه‌نجامی ئەرێنی نەبووە"

هەڵگورد حیکمەت وتیشی"لایەنی عیراقی بە نەفەسی سەرکەوتن و شکست مامەڵە له‌ گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا دەکات و خۆی بەسەرکەوتوو دەبینێت، دەیەويت مەرجەکانی بسەپێنێت بەسەرماندا"

بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی داواکاری لایەنی عیراقی بۆ هاتنە ناو هەرێمی کوردستان وتی"لەسەرەتادا دەیانوت تا سنوری "2014" دێین،بەڵام ئيستا دەڵێن دێینە ناوچەکانتان با هێزی پێشمەرگە بەتەنها وەک مەفرەزە بمێنێت و تەنها چەکی کڵاشینکۆفێسیان پێبێت وە لەو شوێنانە بن کە ئێمە پێیان دەڵێین نەک ئەو شوێنانەی خۆیان دەیانەوێت تەنانەت لەدوای"2003" ڕەنگە بیانەوێت زیاتر بێنە پێش،ئەوانە(لایه‌نی عیراقی) بەو نەفەسە کاردەکەن"

هەڵگورد حیکمەت وتیشی"ئەو مامەڵە و داوایەی حکومەتی عیراقی لە پێشمەرگەی دەکات حساب نەکردنە بۆ شکۆ و کەرامەتی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان و ئەو سەرکەوتنانەی هێزەکانی پێشمەرگە لەشەڕی داعش بەدەستی هێناون کە ئەمە لای ئێمە قبوڵ ناکرێت"

هەروەها وتی"تەنانەت ئێمە پێشنیاری بەڕێوەبردنی هاوبەشمان لە ئیبراهیم خەلیل و ئەو شوێنانە کردوە کە عیراق داوای دەکات،بەڵام لایەنی عیراقی ڕازی نیە،تەنانەت من بیستومە لە کۆبونەوەکانیشیاندا باسی پاسەوانی سنور کراوە کەتەنها بەس لەبەر ئەوەی کوردن دانی پێدا نەنێن."

هەڵگورد حیکمەت بەڕێوەبەڕی گشتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیارەکانی حکومەتی عیراقی بە هەڵوەشاندنەوەی هێزی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە ناوبرد و وتی"ئەو پێشنیارانەی حکومەتی عیراقی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بە مەنتیقی هەڵوەشاندنەوە دێت و بەمەنتقی تر نایەت."

XS
SM
MD
LG