Accessibility links

ئەمەریکا پشتیوانی خۆی بۆ عێراق دووپات دەکاتەوە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپـێـیۆ ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نزیکەی 204 ملیۆن دۆلاری تر تەرخان دەکات بۆ هاوکارییە مرۆییەکانی خەڵکی عێراق، بە تایبەتی بۆ ئاوارەکان و ئەوانەی میوانداریان کردوون.

پەمپـێـیۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " ئەم هاوکارییە شوێن و خزمەتگوزاری تەندروستی پێویست و هاوکاری بەپەلەی خۆراک و ئاوی خواردنەوە و خزمەتگوزارییەکانی پاکژکردنەوە بۆ ئەو خەڵکە دابین دەکات لە سەرانسەری عێراق. کارئاسانیش دەکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە بەڵگەنامەی مەدەنی و خزمەتگوزاری یاسایی، ئاستی خزمەتگوزاری لە بنکە تەندروستیـیەکان و هەلەکانی خوێندن و فێرکردن زیادەکات و ژیان و گوزەرانیان باشتر دەکات."
هەروەها لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حسێن لە وەزارەتی دەرەوە، پەمپـێـیۆ بەڵێنی دا بەڕێوەبەرایەتی ترامپ بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی عێراق لە کاتێکدا ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی داعش دەبێتەوە، بەڵام داواشی کرد حکومەتی بەغدا هەوڵەکانی دووهێندە بکات بۆ ڕێگەگرتن لە گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە تویتێکدا کۆبونەوەکەی لەگەڵ فوئاد حسێن بە کۆبونەوەیەکی باش لە قەلەمدا و گوتی " ئەمڕۆ کۆبونەوەیەکی باشمان لەگەڵ وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن هەبوو بۆ تاوتوێکردنی دیاڵۆگی ستراتیژی نێوان ئەمەریکا و عێراق. من پشتیوانی خۆمم بۆ هەوڵەکانی حکومەت دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی داواکارییەکانی خەڵکی عێراق و ڕێککەوتنی بودجە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا."

مستەفا کازمی ڕۆژی پـێنجشەممە لە کۆشکی سپی لەلایەن سەرۆک ترامپەوە پـێشوازی لێدەکرێت. چاوەڕوان‌دەکرێت لە پاش کۆبوونەوەکەیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش ئەنجام بدەن.

ئەمەریکا خوازیارە عێراق بەسەر کێشە ئابوری و سیاسیـیەکانی زاڵبێت و بتوانێت هەژموونی ئێران لە عێراقدا نەهێڵێت.

XS
SM
MD
LG