Accessibility links

سەرچاوەکان: سەرکردەیەکی سەربازیی ئێران داوای زیادکردنی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمەریکای کردووە


سێ سەرچاوەی گروپە چەکدارییەکان و دوو سەرچاوەی نزیکی هێزەکانی ئاسایشی عێراق وتیان سەرکردەیەکی دیاری سوپای پاسدارانی ئێران لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا کە هەفتەی ڕابردوو بەڕێوەچوو داوای لە گروپە چەکدارییە شیعەکانی عێراقی کردووە هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجە ئەمەریکییەکان زیاتر بکەن.

لەدوای سەردانەکەی شاندە ئێرانیەکە بە ڕابەرایەتی سەرۆکی هەواڵگری سوپای پاسدارانی ئێران حسێن تائیب بۆ عێراق، هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا چەند جارێک ڕووبەڕووی هێرش بوونەوە، ئەوەش دوای هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمەریکا بۆ سەر گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران لەسەر سنووری نێوان عێراق و سوریا.

سێ سەرچاوەکەی گروپە چەکدارییەکان کە ئاگاداری کۆبوونەوەکە بوون وتیان سەرەڕای هاندانی گروپەکان بۆ تۆڵەسەندنەوە، ئێرانییەکان ئامۆژگاری عێراقییەکانیان کردووە زیادەڕۆیی نەکەن لە هێرشەکاندا تاوەکو خۆیان بەدووربگرن لە هەڵگیرسانی شەڕی گەورە.

یەکێک لە سەرچاوەکان کە سەرکردەیەکی باڵایە لە گروپێکی چەکداریی ناوخۆیی و ئاگاداری کۆبوونەوەکە بووە وتی ئێرانییەکان ئامۆژگارییان کردن لە تۆڵەسەندنەوەکەیاندا هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا فراوانتر بکەن.

بەرپرسێکی باڵای ناوچەکەش کە بەرپرسانی ئێران سەبارەت بە سەردانەکەی سەرۆکی هەواڵگری سوپای پاسداران پێیان ڕاگەیاندووە، وتی تائیب حسێن لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەکانی گروپە چەکدارییەکانی عێراقدا کۆبۆتەوە پەیامێکی ڕابەری باڵای ئێرانی بۆ گواستوونەتەوە کە تیایدا داوا دەکات " بەردەوام بن لە فشارەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا تاوەکو ناوچەکە جێدەهێڵن."

لە دوای هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمەریکاوە، هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق زیادیکردووە، هەروەها لە سوریاش هێرشەکان فراوانتر بوون.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسەکەی لەسەر ئەو هەواڵە نەداوەتەوە.

لەم مانگەشدا باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەتی کردەوە تاران پشتیوانی لە هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمەریکا کردبێت لە عێراق و سوریادا، هەروەها سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکای کرد بۆ سەر ئەو گروپە چەکدارییانەی کە ئێران پشتیوانیان لێدەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG