Accessibility links

بایدن و کازمی تاوتوێی هێرشە موشەکیەکانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغداد دەکەن


کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆک وەزیری عێراق موستەفا کازمی تاوتوێی هێرشە موشەکییەکانی ئەمدواییەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکایان کردووە لە بەغداد، هەروەها جەختیان لە پێویستی ئەوە کردۆتەوە " لێپێچینەوە لەگەڵ ئەوانەدا بکرێت کە بەرپرسن لەو هێرشانە."

ئەم گفتوگۆیەی نێوان کازمی و بایدن چەند ڕۆژێک دوای تێپەڕبوونی مانگێک هات بەسەر دەستبەکاربوونی جۆو بایدندا وەکو سەرۆکی ئەمەریکا.

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا وتی " سەرۆک بایدن جەختی لە پشتیوانی ئەمەریکا کردۆتەوە بۆ سەروەری و سەربەخۆیی عێراق و هەروەها سەرکردایەتی سەرۆک وەزیری عێراقی بەرزنرخاندووە."

ڕۆژی دووشەممە لانی کەم سێ موشەک باڵیۆزخانەی ئەمەریکایان لە ناوچەی سەوزی بەغداد کردە ئامانج، ئەمەریکاش ئێرانی بە بەرپرس دانا لەو هێرشە.

کۆشکی سپی جەختی لەوە کردەوە بایدن و کازمی " تاوتوێی هێرشە موشەکیەکانی ئەمدواییەی سەر هێزەکانی ئاسایشی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانانیان کردووە و ڕێکەوتوون لەسەر پێویستی لێپێچینەوە لەو کەسانەی بەرپرسن لەم جۆرە هێرشانە."

هەروەها " جەختیان لە گرنگی بەردەوامبوونی گفتوگۆ ستراتیژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە کردۆتەوە و هەروەها فراوانکردنی هاریکارییە دووقۆڵییەکان لە بابەتە گەورەکانی دیکەدا."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG