Accessibility links

کوژرانی کەسێک و برینداربوونی دەیان کەس لە خۆپیشاندانەکانی عێراق


بەپێی میدیا ناخۆییەکانی عێراق و سەرچاوەیەکی ئاسایش لە خۆپیشانداکانەکانی ئەمڕۆی عێراقدا خۆپیشاندەرێک لەنزیک پردی کۆماری لە بەغداد کوژراوە و ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ئاسایش برینداربوون.

بەپێی میدیاکانی عێراق هەندێک لە خۆپیشاندەران بەردیان هەڵداوە بە ئاڕاستەی هێزەکانی ئاسایش لە نزیک پردی کۆماری لە ناوەڕاستی بەغداد، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکان گازی فرمێسک ڕژێنیان ڕشتووە تاوەکو بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکەن.

دەیان خۆپیشاندەر لە بەیانی زووە هەوڵدەدەن بچنە ناو ناوچەی سەوزەوە لە ناوەڕاستی بەغداد، سەرچاوەکە ئاماژەشی بەوەدا خۆپیشاندەران هێشتا بەردەوامن لە هەوڵەکانیان تاوەکو بچنە ناو ناوچەی سەوزەوە.

بەپێی سەرچاوەیەکی ئاسایش، هێزەکانی ئاسایش هێشتا بەردەوامن لە ڕشتنی گازی فرمێسک ڕژێن تاوەکو بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکەن و لەو ناوچەیە دووریان بخەنەوە. ژمارەیەک خۆپیشاندەر بەهۆی ئەو گازەوە ڕووبەڕووی خنکان بوونەتەوە.

لە بەیانییەوە بەلایەنی کەمەوە 10 حاڵەتی خنکان لەنێو خۆپیشاندەراندا هەبووە لەنزیک پردی کۆماری لە ناوەڕاستی بەغداد.

سەرچاوەیەکی ئاسایشی دیکە ڕەتی کردەوە هیچ کەسێک لە گۆڕەپانی تەحریر کوژرابێت بەڵام ئاماژەی بەوەدا حاڵەتەکانی خنکان بەهۆی گازی فرمێسک ڕژێنەوە زیادی کردووە.

بەپێی سەرچاوەکە هێزەکانی ئاسایش دەیانەوێت خۆپیشاندەران بەرەو گۆڕەپانی تەحریر بەرن و لە ناوچەی سەوز و پردی کۆماری دووریان بخەنەوە.

هەروەها لەلایەکی دیکەوە ئەندامێکی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ عەلی بەیاتی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان وتی بەهۆی خۆپیشاندانەکانی بەغدادەوە تا ئێستا کەسێک کوژراوە و 50 کەسی دیکە برینداربوون.

XS
SM
MD
LG