Accessibility links

خۆپیشاندەرانی عێراق کۆڵ نادەن و حیزبەکانیش "شەڕی" مانەوەیان دەکەن


خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی نزیکەی چوار مانگە عێراقی گرتۆتەوە، هەموو هەوڵەکان بۆ کۆتایی هێنان بە ناڕەزایەتیەکان شکستیان هێنا، سەرباری بەدەست هێنانی کۆمەڵێک دەستکەوتیش، خۆپیشاندەران "شەڕ"ی گەورەتریان بەدەستەوەیە.

گۆڕینی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و یاسای هەڵبژاردن، لەگەڵ دەست لەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی بەدەست کەوتی خۆپیشاندەران دادەنرێن، بەڵام ئەوان کۆڵ نادەن و ئامانجی گەورەتریان هەیە، کە گۆڕینی سستمی حوکمڕانیە.

شوان داودی ڕاوێژکاری پەرلەمانی عێراق، پێیوایە لە عێراق دا دوو بەرەی رکابەر دروستبوون، بەرەی دەسەڵات و ئەو حیزبانەی کە میلیشیادارن، لەگەڵ بەرەی شەقامی شیعی دا، دەڵێت"بەرەی شەقام داوای گۆڕینی سستمی حوکمڕانی و هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات، لەکاتێکدا بەرەکەی تر دەیەوێت درێژە بەحوکمڕانی ئێستا و پشتگوێ خستنی خواستی شەقام بدات."

جەختیشیکردەوە"ئەم دۆخە هەرچەند درێژەش بکێشێت، دواجار خواستی شەقامی شیعی سەردەگرێت."

لەماوەی چوار مانگی ڕابردوودا، ڕووداوی گەورە لەوێنەی کوژرانی قاسمی سولەیمانی لەنێو خاکی عێراقدا ڕوویاندا، هەروەک پلانی گەورەش بۆ لەباربردنی خۆپیشاندانەکان داڕێژران، بەڵام خۆپیشاندەران شکستیان بەسەرجەم هەوڵەکان هێنا و حیزبە دەسەڵاتدارەکانیان نائومێدکرد.

گرفتی گەورەی حیزبە حوکمڕانەکانی عێراق کۆڵ نەدانی خۆپیشاندەرانە، بەتایبەت لەشارێک دۆخەکە هێور دەبێتەوە، لەشارێکی تر دۆخەکە دەتەقێتەوە، بۆیە خەریکە بەناچاری دەچنە ژێر باری خواستی خۆپیشاندەران.

پلانی ئێستای خۆپیشاندەران، دانانی کەسێکی بێ لایەنە بەسەرۆکی کاتی حکومەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەژێر چەتری ئەو حکومەتەدا، کە دەیانەوێ لەم رێگەوە چینە سیاسیەکە وەلانێن و چینێکی نوێ بێننە پێشەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدا کە داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"خۆپیشاندەران بەهەموو شێوەیەک محەمەد عەلاوی ڕەتدەکەنەوە و بەکاندیدی سەدری دەزانن."

وتیشی"عەلاوی دووجار نوێنەری خۆپیشاندەرانی بینیووە و بەڵێنی گەورەی پێداون، بەڵام ئەوان متمانەیان پێنەکردووە."

وتاری هەینی رابردووی مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی عێراقیش، لە بەرژەوەندی خواستەکانی خۆپیشاندەران دا بوو، بەتایبەت کاتێک داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی دوور لە چەک و پارە و دەستوەردانی دەرەکی کرد.

شوان داودی، ڕوونیکردەوە ئامانجی خۆپیشاندەران دوورخستنەوەی توێژی ئێستای سیاسی عێراقە، وتی"یاسای نوێی هەڵبژاردن لە خزمەتی خواستەکەیاندایە."

لەکاتێکدا خۆپیشاندەران کۆڵ نادەن و شەڕی گۆڕینی سستمی حوکمڕانی دەکەن، لایەنە شیعیە حوکمڕانەکانیش لەهەوڵی چڕ و پڕدان بۆ لەباربردنی خۆپیشاندانەکان، تا ئێستا چەندین رێگەی جۆراو جۆری پڕلە توندوتیژیان تاقیکردۆتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.

بەپێی ئامارەکان، تا ئێستا نزیکەی 700 خۆپیشاندەر کوژراون و سەرووی 22 هەزاریش برینداربوون، ئەمە جگە لە دەستگیرکردنی زیاتر لە4 هەزار خۆپیشاندەر و رفاندنی سەرووی 70 خۆپیشاندەری تریش.

ترسی گەورەی حیزبە شیعیە دەسەڵاتدارەکان دوورخستنەوە و وەلانانیانە، بەتایبەت ئەو ڕێوشوێنانەی خۆپیشاندەران بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن داوای دەکەن، دەبێتە هۆی کەنارخستنیان.

ئیسماعیل حەدیدی کەسایەتی عەرەبی سونە و ڕاوێژکار لەسەرۆکایەتی کۆماری عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"گەورەترین کێشەی ئێستای عێراق، نەمانی متمانەیە لەنێوان خەڵک و حیزبە حوکمڕانەکاندا."

وتیشی"دۆخەکە بەرەو گۆڕینی سستمی حوکمڕانی و گۆڕانکاری دەستوری دەڕوات، کەدواجار هەموو ئەم حیزبانە وەلا دەنرێن."

لە ئێستادا ئایندەی سیاسی عێراق لەهەموو کات ناڕوونترە، بەو پێیەی شەقام ئامادەی کشانەوە نیە تا ئەوکاتەی خواستەکانی بەتەواوەتی جێبەجێ دەکرێت، حیزبەکانیش کەوتوونەتە بەردەم چەندین ئەگەر و شەڕی مانەوە دەکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:12 0:00


XS
SM
MD
LG