Accessibility links

عێراق بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ سزا خستنە سەر فالح فەیاز شەرمەزار دەکات


عێراق بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ سزا خستنە سەر فالح فەیاز شەرمەزار دەکات

عێراق ڕۆژی شەممە بڕیارەکەی ئەمەریکای بۆ سزا سەپاند بەسەر فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشمانی عێراق، ڕەتکردەوەو بە بڕیارێکی "مایەی قبوڵنەکردن" ناودێری کرد.

ڕۆژی هەینی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا فالح فەیازی خستە لیستی ڕەشەوە و ڕایگەیاند" لە میانەی خۆپیشاندانەکانی سەرەتای مانگی 10 ی ساڵی 2019، چەکدارانی هاوپەیمانی ئێران هێرشیان کردەسەر خەڵکی سڤیلی عێراقی کە ناڕەزاییان بەرامبەر گەندەڵی، بێکاری، خراپی باری ئابوری، خزمەتگوزاری خراپ و دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری ناوخۆیی عێراقدا دەردەبڕی. فەیاز بەشێک بوو لە شانەی قەیرانەکانی عێراق کە بریتی بوون لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی کە لە کۆتایی ساڵی 2019 پێکهاتن بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی عێراقی بە پشتیوانی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران."

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕۆژی شەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " ئێمە پشتڕاستی دەکەینەوە ئەم بڕیارە بڕیارێکی چاوەڕوان نەکراوەو مایەی قبوڵکردن نییە."هەروەها دەشڵێت " عێراق بە وریاییەوە بەدواداچوون دەکات لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئێستاو بەڕێوەبەرایەتی نوێ لە واشنتن لەسەر هەمو ئەو بڕیارانەی دژ بە عێراقییەکان لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکاوە دەرکراون."

عێراق هاوپەیمانی نزیکی ئەمەریکا و ئێرانیشە، کە لە پاش ڕووخانی سەدام حسێن لە ساڵی 2003 وە هەوڵی سەپاندنی هەژمونی خۆیان لە عێراقدا دەدەن.

لە ساڵی 2014 تا 2017 هەردوو وڵات پشتیوانی لەشکری بەغدایان کرد بۆ شەڕی دژ بە داعش. ئەمەریکا هێشتا هەزاران سەربازی لە عێراقە، لە کاتێکدا ئێران لەوێ پشتیوانی حەشدی شەعبدی دەکات.

لە ساڵی ڕابوردوو ڕێبەری پێشوی حەشدی شەعبی ئەبو مەهدی موهەندیس لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەگەڵ قاسم سولەیمانی سەرکردەی باڵای هێزی قودسی سوپاسی پاسدارانی ئێران کورژا.

حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا شەوی هەینی پیرۆزبایی لە فەیاز کرد بۆ چوونە نێو لیستی ڕەشی ئەمەریکاو ڕایگەیاند " ئەو ڕێزەی پێبەخشرا بچێتە نێو لیستی ئەو کەسانەی کە بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا بە دوژمنی دەزانێت." ئەو هەروەها لەلایەن حزبوڵای لوبنانیشەوە ستایش کرا. ڕۆژی پێنجشەممە دادگایەکی عێراقی بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دەرکردووە وەکو بەشێک لە لێکۆڵینەوەکان لە کوشتنی سولەیمانی و موهەندیس.

دەیان هەزار لە پشتیوانانی ئەو گروپە چەکدارییانەی کە ئێران پشتیوانیان دەکات لەم هەفتەیە ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ ساڵیادی کوشتنەکەیان.

XS
SM
MD
LG