Accessibility links

عێڕاق: خۆرهەڵاتی موسڵ لە دەستی داعش ئازاد کرا


لەشکری عیراق لە خۆرهەڵاتی موسڵ دوای ئازاد کردنی لە چنگ داعش، سێشەمە ٢٤ی مانگی ١ی ٢٠١٧

حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیری عێڕاق، سێ شەمە ڕایگەیاند کە خۆرهەڵاتی موسڵ بە تەواوی لە چنگ هێزەکانی داعش هاتۆتە دەر.

دوای ڕۆژێک شەری توند لە نێوان لەشکری عێڕاق و چەکدارانی داعش، هێزەکانی ئاسایشی عێراق توانیان هەتا دواین چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی شاری موسڵ وەدەرنێن. ئەوەش لە دەمێکدایە کە گرووپەکانی یارمەتیدەر سەبارەت بە ٧٥٠ هەزار کەس کە لە رۆژئاوای موسڵن هەروا لە ژێر دەسەڵاتی داعش دان، نیگەرانیان دەربڕی.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ئاسۆشێتێدپرێس، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیر، لە کۆنفڕانسێکی پەیامنێری ڕۆژی سێ شەمە، لە هیمەت و بوێری تەواوی هێزەکانی ئاسایشی عێڕاق و پشتیوانی خەڵک لە کردارەکانی لەشکری ئەوان ڕێزی گرت. ئەو گوتی "دەسەڵاتداری داعش بە خێرایی تێک ڕووخاوە و کەس چاوەڕوانی ئەوتۆی نەبوو. بوێری هێزەکانی ئاسایشی ئێمە هۆی شکست دانی داعش بووە."

موسڵ کە دووهەمین شاری گەورە لە عێڕاق و دواین پەناگای گەورەی چەکدارانی داعشە، لە ساڵی ٢٠١٤ کەوتە دەستی داعش. ئێستا زیاتر لە سێ مانگ لە دەستپێکردنی کرداری ئازاد کردنی موسڵ تێدەپەڕێت.

بەڕیز عەبادی لە وەلام بە پرسیاری یەکێک لە پەیامنێران سەبارەت بە کاتی پێویست بۆ ئازاد کردنی ڕۆژئاوای موسڵ گوتی "ناتوانم بە دروستی بڵێم، بەڵام ئێمە تواناییمان هەیە و ئەو کارەش ئەنجام دەدەین."

لە کرداری ئازادکردنی موسڵ، هێزەکانی عێراق لە گەڵ هیزەکانی هاوپەیمان بە پشتیوانی ئەمەریکا خەریکی شەڕ لە دژی چەکدارانی داعشن.

XS
SM
MD
LG