Accessibility links

چاودێری مافەکانی مرۆڤ: کاری تیمێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق لە هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا خەریکە کۆتایی دێت


ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت تەرمی سەدان هەزاران قوربانی کوشتارییە نایاساییەکان هێشتا لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا ماونەتەوە لە سەرانسەری عێراقدا. گۆڕەکان تەرمی قوربانییانی ململانێ یەک لە دوای یەکەکانیان تێدایە، بە کۆمەڵکوژییەکەی سەدام حسێنیشەوە دژی کوردەکان لە ساڵی 1988 دا و کۆمەڵکوژییەکەی ڕێکخراوی داعش لە ساڵانی 2014-2017 دا.

تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاندان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش، کە لە ساڵی 2017 دا لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دروستکرا بۆ تۆمارکردنی تاوانە مەترسیدارەکانی داعش لە عێراقدا، یارمەتی بەڕێوبەرایەتی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی عێراقی داوە لە هەڵدانەوەی 67 گۆڕی بە کۆمەڵدا، کە سەرجەمییان پەیوەستن بە داعشەوە. بەڵام لە کۆتایی ساڵی 2023 دا، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر داوای حکومەتی عێراق ماوەی کارەکەی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاندان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعشی بۆ ساڵێکی دیکە درێژکردەوە، واتە لە مانگی نۆی ساڵی 2024 دا کارەکەی تەواو دەبێت.

توێژەرەوەی عێراقی لە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ سارا سانبار دەڵێت " گۆڕە بە کۆمەڵەکان بیرهێنانەوەیەکی بە ئازاری توندوتیژترین پەڕەکانی مێژووی عێراقن و هەڵدانەوەیان زۆر گرنگە بۆ ئەوەی خێزانی قوربانییەکان و گەلەکە بتوانن هیوایەکییان هەبێت بە دادپەروەری و چاکبوونەوە لە برینەکانییان. خەڵک مافی خۆیەتی چارەنووسی خۆشەویستانی بزانێت و بتوانن بە شێوەیەکی گونجاو و بە شکۆوە بیاننێژن."

ناوەندی ستراتیژی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق دەڵێت گۆڕە بە کۆمەڵەکانی عێراق لاشەی نزیکەی 400,000 کەسییان تێدایە. عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهان کە زۆرترین ژمارەی بێسەروشوێنی تێدایە، بە خەمڵێندراوی لە نێوان 250,000 بۆ 1 ملیۆن بێسەروشوێنبووی تێدایە، زۆربەیان باوەڕوایە لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا نێژرابن.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت بۆ بەرەوپێشبردنی دادپەروەری و لێپێچینەوە لە پێناو قوربانییان و خێزانەکانییاندا، حکومەتی عێراق دەبێت هەوڵەکانی زیاتر بکات بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان، ناسینەوەی قوربانییەکان، گەڕاندنەوەی لاشەکان بۆ خێزانەکانییان تاوەکو بە شێوەیەکی گونجاو بنێژرێن و قەرەبووی خێزانەکان بکاتەوە، وەکو چۆن یاسای عێراقی داوای کردووە.

زیا کەریم تامای بەڕێوبەری گشتی بەشی کاروبار و پاراستنی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق بە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی وت لە ساڵی 2003 ەوە بەرپرسان 288 گۆڕی بە کۆمەڵییان هەڵداوەتەوە، " ئەگەر تۆمارێکی یەکگرتوویی نیشتیمانی نەبێت ئەوا ئێمە ناتوانن بزانین چەند کەس لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا نێژراون."

لە نێوان ساڵی 2017 بۆ 2023 دا، تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاندان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش یارمەتی بەرپرسانی عێراقی داوە لە دەرهێنانەوەی 1237 قوربانی لە کۆمەڵکوژی سپیچەر کامپ، کە لەوێ داعش 1700 سەرباز و کادر و خۆبەخشی کوشت کە لە ماوەی 12-14 ی مانگی شەشی ساڵی 2014 دا لە ئەکادیمیای ئاسمانی تیکریت هەڵاتبوون، تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاندان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش لە ڕاپۆرتەکەی مانگی شەشی ئەم ساڵدا وتی هۆکاری تەواو هەن لەسەر ئەوەی کۆمەڵکوژی ئەنجامدراوە و ئەوەش دەگاتە ئاستی تاوان دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ.

لەمدواییانەشدا لە 28 ی مانگی پێنجی ئەم ساڵدا بەرپرسانی عێراق و تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاندان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش ڕایانگەیاند دەستییان کردووە بە هەڵدانەوەی چاڵی عەلو ئەنتار، کە گۆڕێکی بە کۆمەڵە لە تەلەعفەر. گۆڕەکە دەکەوێتە ڕۆژئاوای موسڵەوە و باوەڕوایە لاشەی زیاتر لە 1000 کەسی تێدا بێت و لە ماوەی نێوان 2014-2017 دا لەوێ نێژرابن. داعش چاڵەکەی بەکاردەهێنا بۆ کۆمەڵکوژی و فڕێدانی لاشەکان.

بەڵام لە کاتێکدا کە 17 ی مانگی نۆ کارەکانی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاندان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش لە عێراق کۆتاییان دێت، نیگەرانی هەیە لەسەر ئەو بۆشاییەی کە ڕەنگە جێیبهێڵن و ئەوەشی کە بەرپرسانی عێراق نەتوانن بە گونجاوی ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە.

پیاوێک کە باوک و برا و دوو مامی لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا لە باشووری شنگال دۆزرانەوە، بە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی وت " وەکو قوربانی و ڕزگاربووان هیوامان بە تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاندان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش بوو. زۆر شت خراپتر دەبن کاتێک ئەوان دەڕۆن، دڵنیا نیم لەوەی حکومەتی عێراق توانای ئەوەی هەبێت ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە کە ئەوان جێی دەهێڵن."

تاما وتی " بێگومان بۆشاییەک دەبێت کاتێک تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاندان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش دەڕۆن، بەڵام حکومەتی عێراق بڕیاری خۆیداوە لەسەر ئەوەی کە ماوەی کاری تیمەکە بەسەرچووە، کەواتە دەبێت پلانێکی بەدیلمان هەبێت."

تاما وتی عێراق تەنها یەک تاقیگەی هەیە بۆ ناسینەوەی دی ئێن ئەی ئەو لاشانەی کە لە گۆڕە بە کۆمەڵەکانەوە دەهێنرێنە دەرەوە، ئەوەش تاقیگەی شیکاری مێدیکۆ لیگەڵە لە بەغداد.

خەبات عەبدوڵای ڕاوێژکار لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی وت بەڕێوبەرایەتی شیکاری تاوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی عێراق تاقیگەیەکی هەیە کە توانای هەیە ڕۆژانە دی ئێن ئەی پێنج بۆ حەوت لاشە بناسێتەوە. بەڵام لە ژێر یاسای عێراقدا بۆ پاراستنی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، تەنها تاقیگەکەی بەغداد مۆڵەتی هەیە شیکاری بۆ نموونەکانی دی ئێن ئەی لاشەکانی ناو گۆڕە بە کۆمەڵەکان بکات.

سەرچاوە: ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ

XS
SM
MD
LG