Accessibility links

ماکرۆن: فەڕەنسا پشتیوانی لە هەوڵەکانی سەرۆک وەزیری عێراق دەکات بۆ پاراستنی سەروەری وڵاتەکە


سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ عێراق وتی پشتیوانی لە هەوڵەکانی سەرۆک وەزیری عێراق مستەفا کازمی دەکات بۆ پاراستنی سەروەری عێراق.

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن وتی لەگەڵ سەرۆک وەزیری عێراق مستەفا کازمیدا تاوتوێی هاریکاری سەربازی نێوانیان کردووە بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی داعش.

ماکرۆن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆک وەزیری عێراق مستەفا کازمی وتی " پابەند دەبین چونکە شەڕی دژ بە داعش بەردەوامە بەڵام دەبێت لە چوارچێوەی ڕێکەوتن و پڕۆتۆکۆڵێکدا بێت کە ڕێز لە سەروەری عێراق بگرێت."

ئاماژەشی بەوەدا هەر هاریکارییەکی سەربازی لەگەڵ عێراقدا دەبێت تیایدا ڕێز لە سەروەری وڵاتەکە بگیرێت و فەڕەنسا پشتیوانی هەوڵەکانی کازمی دەکات بۆ بەهێزکردنی سەروەری عێراق و یەکخستنەوەی پێگەی سەرجەم هێزە چەکدارەکانی عێراق.

لەلای خۆیەوە سەرۆک وەزیری عێراق مستەفا کازمی وتی لەمیانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن تاوتوێی هاریکاری نێوان دوو وڵاتەکەیان کردووە لە بواری وزە و کارکردن پێکەوە لەسەر پڕۆژەیەکی ناوەکی کە دەتوانێت کێشەی کەمی کارەبا لە عیراق کۆتایی پێبهێنێت.

کازمی وتی سەبارەت بە پڕۆژەی داهاتوو بۆ بەکارهێنانی وزەی ناوەکی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و پڕۆژەکانی دیکە لەژێر سەرپەرشتی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیدا لەگەڵ ماکرۆن قسەی کردووە و ئەو پڕۆژانەش دەبنە هۆی دروستکردنی هەلی کار و چارەسەرکردنی کەمی کارەبا لە وڵاتەکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG