Accessibility links

یەکێتى لەسەر ڕەوشی کەرکوک بەغدا ئاگاداردەکاتەوە


یەکێتى پەیامێکى ئاڕاستەى حکومەتى عێراق کردووە و هەڕەشەى کشانەوەى لە کەرکوک کردووە، ئەگەر بەغدا داواکاریەکانیان جێبەجێ نەکات.

لە بارەى ناوەرۆکى هەڕەشەکەوە، محەمەد عوسمان پەرلەمانتارى یەکێتى لە بەغدا، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"وەکو هەڕەشە نا، بەڵام پەیامێکمان بۆ بەغدا ناردووە و وتومانە گەر بەدەستور کار نەکرێت و پارێزگارمان پێنەدرێت، هەڵوێستمان دەبێت."

وتیشى"بەغدا ناهێڵێت ئاڵاى کوردستان لە کەرکوک هەڵبکەین و لە ئیدارەدانى شاردا بەشدارى بە کورد ناکرێت، ئەمە یانى بەغدا پێمان دەڵێت، بڕۆن."

بەپێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمەریکا، کە لە سەرچاوەی تایبەتەوە دەستى کەوتووە، وەفدێکى یەکێتى سەردانى بەغدایان کردووە و پرسى کشانەوەیان لە کەرکوک لەگەڵ بەرپرساندا، لە نێویاندا دکتۆر فواد مەعسوم، سەرۆک کۆمار تاووتوێکردووە.

لە بارەى وەڵامى سەرۆک کۆمار بۆیان، دەنگى ئەمەریکا پەیوەندى بە خالید شوانى ئەندامى وەفدەکەوە کرد، بەڵام رەتیکردەوە لێدوان بدات.

بەڵام محەمەد عوسمان کە هاوکات سەرۆکى لیستى یەکێتیـیە لە کەرکوک بۆ هەڵبژاردنى داهاتوى پەرلەمانى عێراق، ئاماژەى بەوە کرد ئەگەر بەغدا بۆ بەڕێوەبردنى کەرکوک نەگەڕێتەوە بۆ دەستور، ئەوا پشێوى دروست دەبێت.

ناوبراو وتى"پشێوى چى یە؟ ئەوەتا هەمەریان هێناوەتە بەردەم فەرمانگەکان و پارە لە خەڵک وەردەگرن، وەزعى کەرکوک زۆر ناخۆش بووە."

کەرکوک لە دواى 16 ى ئۆکتۆبەرەوە کەوتۆتە دەست هێزە عێراقیەکان و کورد دەسەڵاتى لە شارەکەدا بە تەواوەتى لەدەستداوە، لە کاتێکدا لە دواى ساڵى 2003 ەوە کورد لەو شارە دەسەڵاتداربوو.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:31 0:00

XS
SM
MD
LG