Accessibility links

پەرلەمانتارێکى یەکێتى هۆشدارى دەدات لە تەقینەوەى بارودۆخى کەرکوک


پەرلەمانتارێکى یەکێتى لەبەغدا، هۆشیارى دەدات لەپەراوێزخستنى کورد لەئیدارەدانى کەرکوک و جەخت لەسەر تەقینەوەى دۆخەکە دەکات، لەحاڵەتى کشانەوەى حیزبەکەى لە کەرکوک و دەستکراوەکردنى گەنجانى کورد لەو شارە.

محەمەد عوسمان کە دوێنێ چوارشەمە لەتۆمارێکى ڤیدیۆییدا ئاماژەى بەئەگەرى تەقینەوەى بارودۆخى کەرکوک کردبوو ، لەحاڵەتى پشتگوێ خستنى کورددا لەو شارە، ئەوەش لەکاتێکدایە فەرماندە سەربازیەکانى عێراق لە بیناى پێشوى بارەگاى مەکتەبى سیاسى پارتى لەکەرکوک کۆبونەوەیەکى سەربازى داخراویان ئەنجامداوە.

محەمەد عوسمان کەیەکێکە لەنوێنەرانى کەرکوک لەپەرلەمانى عێراق، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئیرادەیەک هەیە بۆ پشتگوێ خستنى کورد لەکەرکوک، کە ئەمە ئاڵۆزبوونى دۆخەکەى لێدەکەوێتەوە."

وتیشى"فەرماندە سەربازیەکانى بەغدا لەکەرکوک کۆبونەوە دەکەن بێ ئەوەى کورد ئاگادارى ناوەرۆکى ئەو کۆبونەوانە بێت، ئەمەش گومانەکانى تۆختر کردووەتەوە."

پێشتر حکومەتى عێراق رەزامەندى لەسەر پێدانى پۆستى پارێزگارى کەرکوک بەکورد دەربڕیبوو، بەڵام لەئێستادا هەست بە پاشگەز بوونەوە لەو بریارە دەکرێت.

محەمەد عوسمان، ئاماژەى بەوەکرد گەنجانى کورد لەکەرکوک بەم دۆخە رانەهاتوون و ئەوان 14 ساڵە سوپاى عێراقیان نەبینیووە، بۆیە پەراوێزخستنى کورد دۆخەکە روو لەتەقینەوە دەکات، وتى"لەو پەیامە ڤیدیۆییەدا ویستم عەبادى لەمەترسى دۆخەکە ئاگاداربکەمەوە."

هاوکات لەگەڵ نیگەران بوونى کورد لەدۆخى کەرکوک، راکان سەعیدى پارێزگارى کەرکوک بەوەکالەت کۆمەڵێک بریارى دەرکردووە کە تێیدا رێگە بە دەرکردنى پشتگیرى نیشتەجێبوون دەدرێت بەو خێزانانەى لەدەرەوەى کەرکوکەوە دێنە نێو شارەکە، بەڵام تائێستا قایمقامى کەرکوک کەکوردە پابەند نەبووە بەبریارەکەوە.

دەنگى ئەمەریکا پەیوەندى بەکامیل ساڵەیى قایمقامى ناوەندى کەرکوکەوە کرد، بەڵام ئامادە نەبوو لێدوان بدات.

رۆژانە بەرپرسانى باڵاى عێراق لەبەغداوە دێنە کەرکوک و کۆبونەوەى داخراو لەگەڵ عەرەب و تورکمان ئەنجام دەدەن، بەبێ بەشدارى پێکردنى کوردەکانى شارەکە لەکۆبونەوەکاندا، ئەمەش گومانى ئەوەى لاى کورد تۆخ کردوەتەوە کە پلانى داهاتوى عێراق لەو شارە پشتگوێ خستنى کوردە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:51 0:00

XS
SM
MD
LG