Accessibility links

حەویجە لە ئازادکردنەوە بۆ قەیرانی سیاسی


ئازادکردنی شارۆچکەی حەویجە گرنگییەکی ستراتیژی دەبێت لە دوو ڕەهەندەوە، یەکەمیان سنوردارکردنێکی بەرچاوی جموجۆڵەکانی تێرۆریستانی داعش و دووهەمیشیان پاراستنی ڕەوشی ئاسایشی لە شاری کەرکوکی دەوڵەمەند بە نەوت و ئەوجاش سەقامگیری لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا.

بەپێی سەرچاوەکان زۆرێک لە تێرۆریستانی داعش کە لە موسڵەوە ڕادەکەن، خۆیان دەگەیەننە شارۆچکەی حەویجە. وەک ژەنەراڵ سەرحەد قادر، بەڕێوبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکان لە کەرکوک بە ئاژانسی دەنگ و باسی ئەسیۆشێتد پرێسی گوتووە " لە ئێستادا داعش لە حەویجە بەهێزتر بووە، پێشتر یەک هەزار چەکداری هەبووە و ئێستا دوو هەزار چەکداری هەیە، پێشتر پەنجا هێرشبەری خۆکوژی هەبووە و ئێستا سەد خۆکوژی هەیە."

ئەم ڕەوشەی داعش لەو ناوچەیە هێناویەتیە ئاراوە مایەی نیگەرانییەکی قوڵە بۆ سەرکردە سیاسی و لەشکرییەکانی عێراق و هەروەهاش بەڕێوبەرایەتی خۆجێی لە هەردوو پارێزگای کەرکوک و سەڵاحەدینیشدا.

داعش حەویجەی کردۆتە بنکەیەکی سەرەکی بۆ هێرشەکانی خۆی بۆ سەر کەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەری.

چەند جارێک ئامادەکاری کراوە بۆ ڕزگار کردنی حەویجە لە دەوڵەتی ئیسلامی بەڵام هەر جارە و بە بیانویەک ئەو هێرشانە دواخراون.

فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی عێراق ئاماژە دەکات بەوەی ئەم دواخستنانە نیگەرانی دروستکردووە. زیاد کاکەیی دەڵێت" لەوانەیە حکومەتی عێراق مەبەستی سیاسیانەی هەبێت و لەوانەشە بیەوێت لە ڕێی ئەو دواخستنانەوە زیان لە پێشمەرگە بدات."

هێزی پێشمەرگە جەخت دەکاتەوە لەوەی ئامادەیە بۆ هەر کردەیەکی سەربازی بۆ رزگار کردنی حەویجە، وەک پێشمەرگە عیسام سەباح بە دڵشاد ئەنوەر، پەیامنێری دەنگی ئەمریکای وتووە "پێشمەرگە ئامادەیە و تەنها چاوەڕوانی فرمانی سەرو خۆمانین."

نەک هەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەڵکو هێزەکانی پۆلیسیش لە پارێزگای کەرکوک وەک جەختی لێدەکەنەوە ئامادەن بۆ پاراستنی شارۆچکەی حەویجە لەپاش ئازادکردنی و وەک باسیش دەکەن تواناییشیان هەیە بۆ بەشداریکردن لە شەڕی ئازادکردنی ئەم شارۆچکەیەدا کە زۆربەی دانیشتوانەکەی لە عەرەبی سوننەن.

لە شەڕەکانی ئازادکردنی موسڵدا هێزە ئاسایشییەکان پێشڕەویەکی بەرچاویان کردووە. سەرکردە لەشکرییەکان دەڵێن داعش لەوانەیە تەنها دوو کیلۆمەتر دووجا خاکی بە دەستەوە مابێت لە ڕۆژئاوای موسڵ.

ئەم ڕاگەیاندنانە نەبوونەتە مایەی ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکان سەبارەت بە جموجۆڵەکانی داهاتووی داعش.

شیکەرەوە لەو بڕوایەدان دەشێت داعش لە ڕووی سەربازییەوە شکست بێنێت بەڵام لەوانەشە لە ڕووی سیاسی و ئایدیۆلۆژیەوە بوونی بەردەوام بێت و لە ڕێی خانە نوستوەکانی خۆیەوە دەست بوەشێنێت و ئەمەش وەک دەڵێن بۆ داعش ئاسانترە لەوەی شەڕی بەرەیی بکات لەگەڵ لەشکردا.

چاودێری سیاسی ڕزگارکردنی حەویجە بە گرنگ دەزانن بۆ سەقامگیری ئاسایشی لە کەرکوک و لە هەرێمی کوردستانی عێراقیشدا.

موحەمەد حوسەین دەڵێت " بۆ کەرکوک گرنگە چونکە ناوچەکانی حەویجە و زاب و عەباسیە، دانیشتوانەکەی سوننەن و ئازادنەکردنی تا ئێستای ئەو ناوچەیە وەک پیلانێکی حکومەتی عێراق لێی دەڕوانن و ئەگەر ئازادکرا ئەوا بێگومان ئەو نیگەرانیانە دەڕەوێنەوە. بۆ سەقامگیری لە هەرێمی کوردستانیشدا گرنگە چونکە لە پاش موسڵ کە لە قۆناغی دوایی ڕزگارکردنیدایە، حەویجە دەبێتە بنکەیەکی سەرەکی بۆ تێرۆریزم و ئەو هێرشانەی دەیکەن."

لە ئێستادا هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی حەشدی شەعبی و هەروەهاش ژمارەیە لە یەکەکانی لەشکری عێراق لە دەوروبەری حەویجەن.

هێشتاش بە دوور نەزانراوە پاش ئازادکردنی شارۆچکەی حەویجە کێشەی تری سیاسی سەرهەڵبدەن لەو ناوچەیەدا کە بەشێکە لە ناوچە دابڕێندراوەکان، بە تایبەتیش لە نێوان هێزەکانی حەشدی شەعبی شیعە ئاینزاکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا.

دواکەوتنی ڕزگارکردنی حەویجە
please wait

No media source currently available

0:00 0:04:15 0:00

XS
SM
MD
LG