Accessibility links

بەرنامەی هەلەو واشنتن تایبەت دەبێت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان


سەرۆک وەزیری عێراق حەیدەر عەبادی ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەیدا جەختی کردەوە هەڵبژاردنە گشتیـیەکانی عێراق لە کاتی خۆیدا لە 12 ی مانگی پـێنجی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێن و هیچ پاساوێک بۆ دواخستنیان نیـیە.

لە هەرێمی کوردستانیش هەرچەندە دەنگۆی هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنەکان هەیە، بەڵام پـێناچێت زۆر دوابخرێت بەو پـێـیەی لە ئێستادا ئۆپـۆزسیۆن داوای هەڵوەشاندنی حکومەت دەکات تاوەکو حکومەتی کاتی پـێکبهێنرێت. هەروەها ژمارەیەک لە بەرپـرسانی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان) دەڵێن هیچ پاساوێک بۆ پـێکهێانانی حکومەتی کاتی نیـیە لە کاتێکدا تەنیا چەند مانگێک لە بەردەم هەڵبژاردنەکاندان.

بەڵام ئەوەی لە ئێستادا بووەتە جێی نیگەرانی، مەترسی ساختەکاری و فرتفێڵە لە نێو هەڵبژاردنەکاندا و دواتر وەک هەموو وڵاتە زۆردارەکان، هەڵبژاردن تەنیا بۆ جوانکاری ڕووی سیستمی دەسەڵاتدارێتی ئەنجام بدرێت.

سەروەر عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ئنستتیوتی پەی لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا گوتی نزیکەی 900 هەزار کەسی ساختە و دووبارە و مردوو و گوماناویی لە نێو لیستی ئەوانەدان کە لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە. دەشڵێت ناوی تێدایە کە لە ساڵی 1853 لەدایکبووە، واتە تەمەنی 165 ساڵە.

پـرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئەمە بە مەبەستە یان لە ئەنجامی کەم تەرخەمیـیە؟

هەڵبژاردنەکان لە حاڵەتێکی وەها بکرێن، شەرعیەتیان دەبێت؟

ئەمە بابەتی بەرنامەی هەلەو واشنتنی ئەم هەینیـیە دەبێت کە حەیدەر کەریم لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا بەڕێوەی دەبات و میوانەکان ئەم بەڕێزانە دەبن:
دکتۆر فەرهاد قادر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
بێستون فایەق، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان.
شوان شێخ ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە پارتی دیموکراتی کوردستان.
ئێوەش دەتوانن لە ڕێگەی ئیمەیڵ و فەیسبوک ڕاوبۆچوون و پـرسیارەکانی خۆتان بۆ بەرنامەکە ڕەوانە بکەن.

Email: kurdish@voanews.com

Facebook: voa.kurdish

XS
SM
MD
LG