Accessibility links

ئەمەل کلونی داوا لە عێراق دەکات داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەسەر تاوانەکانی داعش بکات


ئەمەل کلونی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ لەگەڵ خانمێکی ئێزیدی کە لە لایەن داعشەوە دەستدرێژی کرابووە سەر داوایان لە عێراق کرد ڕێگە بە نەتەوە یەکگرتووەکان بدات لێکۆڵینەوەیەک بکات سەبارەت بە تاوانەکانی داعش لە عێراق ئەنجامی داون.

بەریتانیا بە نیازە پرۆژە بڕیارێک بخاتە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە مەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی لەم بارەیەوە بەڵام ئەمەل کلونی دەڵێت دەبێت حکومەتی عێراق بە نامەیەکی فەرمی داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە بکات بەر لەوەی ئەنجومەنی ئاسایش دەنگ لەسەر بڕیارەکە بدات.

شارەزا و لێکۆڵەرەوانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی پێنجی ساڵی ڕابردوو ڕایانگەیاند داعش هەڵمەتێکی جینۆسایدی لە دژی ئێزیدیەکان لە سوریا و عێراق دەستپێکردووە و دەیەوێت لەناویانبەرێت لە ڕێگەی کوشتن و بە کۆیلەکردن و تاوانی تر.

کلونی کە نوێنەرایەتی نادیە موراد و ژنانی دیکەی ئێزیدی دەکات ئەوانەی قوربانی دەستی داعشن، وتی هەرچەندە عێراق پشـتیوانی خۆی بۆ لێکۆڵینەوەکە دەربڕیوە بەڵام هەتا ئێستا داوای نەکردووە ئەنجام بدرێت. بۆیە داوای لە حەیدرە عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق کرد نامەیەک بۆ ئەنجومەنی ئاسایش ڕەوانەبکات و تیایدا داوابکات لێکۆڵینەوەیەک لەسەر تاوانەکانی داعش ئەنجام بدرێت.

کلونی لە پاش کۆبوونەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی دەمانەوێت لێکۆڵینەوەکە بە هاوکاری لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراقدا ئەنجام بدرێت.

وتی "مەهێڵن لەو تاوانی جینۆسایدەی لە عێراق ئەنجامی داوە ڕزگاری ببێت."

کلونی تەمەن 39 ساڵ پارێزەرێکی بەریتانی بە ڕەچەڵەک لوبنانییە و هاوسەری جۆرج کلونی ئەستێرەی هۆلیودە.

سەرچاوە/ فڕانس پرێس، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG