Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: عێراق ناتوانێت دادگایی داعش بکات لەسەر تاوانەکانی موسڵ


ئۆفیسی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند عێراق لەتوانایدا نیە دادگایی ڕێکخراوی داعش بکات لەسەر ئەو تاوانانەی کە لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجامیانداوە لە موسڵ بۆیە دەبێت ڕێگەیەکی تر بدۆزێتەوە بۆ دادپەروەریی و یەکێک لەو ڕێگایانەش پەنابردنە بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە بەلایەنی کەمەوە 2521 کەس لە ماوەی شەڕەکەی موسڵدا کە نۆ مانگی خایاند کوژراون لەنێویاندا 741 کەس لە سێدارەدراون. زۆربەی قوربانییەکانیش لە ئەنجامی هێرشەکانی ڕێکخراوی داعشەوە کوژراون.

لە ڕاپۆرتەکەدا گەواهیدانی تێدایە سەبارەت بە کردەوەکانی داعش لەوانەش ڕفاندن و کوشتن و بەکارهێنانی هاوڵاتیانی مەدەنی وەکوو قەڵغانێکی مرۆیی و هەروەها بە ئەنقەست هاوڵاتی مەدەنی و ماڵەکانیان کردوونەتە ئامانجی هێرشەکانیان.

هەروەها دەڵێت ڕێکخراوی داعش ژمارەیەکی ئێجگار زۆر بۆمبی چێنراوی داناوە و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بەکارهێناوە بۆ خستنە خوارەوەی تەقینەوەکان لە شاری موسڵ کە 1.5 ملیۆن هاوڵاتی تێیدا دەژی و ئاگری بەرداوەتە کارخانەکانی کبریتی خام و بیرە نەوتیەکان.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت ڕێکخراوی داعش شوێنە دینییەکانی ڕووخاندووە و لە مانگی شەشی ڕابردوودا مزگەوتی نوری تەقاندەوە کە ڕابەری داعش ئەبوبەکرد بەغدادی لەو مزگەوتەدا لە ساڵی 2014 یەکەمین وتاریدا و خەلافەتەکەی ڕاگەیاند بەسەر بەشێکی زۆری عێراق و سوریادا.

دەشڵێت " دادگاکان و لیژنەکانی عێراق تایبەتمەندیان نیە لە تاوانی نێودەوڵەتیدا وەکوو کۆمەڵکوژی و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ، هەروەها دادوەرەکان و لێکۆڵەرەوانی پۆلیس لە توانایاندا نیە لێکۆڵینەوەیەکی باش بکەن و تۆمەتەکان ئاڕاستە بکەن و دادگایی ئەو کەسانە بکەن کە پەیوەندییان بەم جۆرە تاوانانەوە هەیە."

هەروەها دەشڵێت یاسای عێراقی بەشێوەیەکی تەواو ڕێوشوێنی یاسایی تێدا نیە بۆ دادگایی کردنێکی دادپەروەرانە.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت ڕازیبوون لەسەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتی "لاهای" و دۆزینەوەی ڕێگای دیکە بۆ دەستەبەرکردنی سزادانی ئەو کەسانەی کە لەو تاوانانەدا بەشداربوون، هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێ غەم دەکات لەوەی عێراق بەجددی دەیەوێت ئەو کەسانە سزای خۆیان وەربگرن لەبەرامبەر ئەو تاوانانەی ئەنجامیان داوە.

هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژەش بەوە دەدات کە بەلایەنی کەمەوە 74 گۆڕی بە کۆمەڵ لە مانگی شەشی 2014 ەوە تا ئێستا دۆزراونەتەوە لەو شوێنانەدا کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بوون لە عێراق.

لەو شوێنانەش شەنگالی تێدایە کە دەکەوێتە باکووری خۆرئاوای عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ڕێکخراوی داعش لەو ناوچەیەدا کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە لەدژی یەزیدییەکان کە بە زمانی کوردی قسە دەکەن.

ڕاپۆرتەکە داوا لە بەرپرسانی عێراق دەکات لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانەش بکەن کە ئاڕاستەی ئەو هێزانە کراون کە پشتیوانی لە حکومەت دەکەن بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەمیانەی ئەرکەکانیاندا. هەروەها داوای لێکۆڵینەوەیەکی جیای کرد لەو هێرشە ئاسمانییانەی کە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی ئەنجامیان داون.

نەتەوە یەکگرتووەکان وتی کوژرانی 461 هاوڵاتی مەدەنی تۆمارکردووە کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە کوژراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG