Accessibility links

گومرگی عێراق فەرمان دەکات هاوردەکردنی خواردنەوە کحولییەکان قەدەغە بکرێن


ڕۆژی شەممە بەڕێوبەرایەتی گومرگی عێراق فەرمانی کرد دەست بکرێت بە جێبەجێکردنی قەدەغەکردنی هاوردەکردنی خواردنەوە کحولییەکان کە مانگی ڕابردوو سەرەڕای دابەشبوونەکان بوو بە یاسا.

بەپێی پەیامنێری دەزگای هەواڵی فرانس پرێس، ئەو دوکانە تایبەتمەندانەی کە خواردنەوە کحولییەکان دەفرۆشن لانیکەم لە بەغداد بە کراوەیی مانەوە.

خواردنەوەی کحول بە ئاشکرا لە عێراقی زۆرینە موسوڵمان قەدەغەیە، بەڵام دەکرێت لە دوکانەکانی فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان بکڕدرێن، زۆربەی ئەو دوکانانەش لەلایەن کریستیانەکان یاخود ئەو کەسانەوە بەڕێوەدەبرێن کە موسوڵمان نین.

یاسا نوێیەکە کە فرۆشتن و هاوردەکردن یاخود بەرهەمهێنانی خواردنەوە کحولییەکان قەدەغە دەکات، سەرەتا لە ساڵی 2016 دا لە پەرلەمانی عێراقدا پەسەند کرا، بەڵام دوای بڵاوکردنەوەی یاساکە لە 20 ی مانگی دووی ئەم ساڵدا بە فەڕمی بوو بە یاسا.

دەسەڵاتی گومرگی گشتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا وتی " دەسەڵاتی گومرگی گشتی فەرمانیکردووە بە سەر ناوەندەکانی گومرگ هاتنە ناوەوەی سەرجەم جۆرەکانی خواردنەوە کحولییەکان قەدەغە بکەن."

بەپێی یاسا نوێیەکە، هەر کەس و لایەنێک یاساکە پێشێل بکات بە 10 ملیۆن بۆ 20 ملیۆن دیناری عێراقی غەرامە دەکرێت.

بەڵام یاساکە پێچەوانەی فەرمانێکی حکومەتە کە کەمتر لە هەفتەیەک لەوەوبەر لە 14 ی مانگی دوودا پەسەند کرابوو، لەو فەرمانەدا لە سەدا 200 باج دەخرێتە سەر سەرجەم خواردنەوە کحولییە هاوردەکراوەکان بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو.

یاساکە ڕەخنەی توندی لێکەوتۆتەوە لەلایەن گروپەکانی مافی مرۆڤ و ئەو یاسادانەرانەوە کە نوێنەرایەتی کۆمەڵگە نا موسوڵمانەکانی عێراق دەکەن.

پەرلەمانتار دورەید جەمیل بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا، پێنج پەرلەمانتاری سەر بە هاوپەیمانێتی کریستیانەکان لە دادگای باڵای فیدڕاڵ داوای پێداچوونەوەیان کردووە بە یاساکەدا، وتوویانە قەدەغەکردنەکە دەستووری نیە چونکە شکستی هێناوە لەوەدا ڕێز لە مافی کەمینەکان بگرێت.

چالاکەوانی یەزیدییەکان، موڕاد ئیسماعیل وتی سەرەڕای ئەوەی ئاینەکانی دیکەی جگە لە ئیسلام خواردنەوە کحولییەکان قەدەغە ناکەن، " یاساکە هەمان کۆتوبەند دەسەپێنێت " بەسەر نا موسوڵمان و موسوڵمانەکانیشدا.

موستەفا سەعدوون لە ڕوانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ وتی قەدەغەکردنی خواردنەوە کحولییەکان بەشێکە لە " پاکێجێکی گشتگیر کە ئامانج لێی سنووردارکردنی ئازادییەکانە."

بریکارێکی خانووبەرە، سەرمەد عەباسی تەمەن 44 ساڵ وتی قەدەغەکردنەکە تەنها فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان پاڵدەنێتە بازاڕەکانی پشتەوە.

عەباس دانی بەوەدانا کە بەپێی ئیسلام خواردنەوەی ماددە کحولییەکان ڕێگە پێنەدراوە، " بەڵام ئەمانە ئازادی تاکەکەسن کە تۆ ناتوانیت لەسەر دانیشتوانی قەدەغە بکەیت."

سەرەڕای ئەوەی قەدەغەکردنی خواردنەوە کحولییەکان یاسایەکی فیدڕاڵییە، پێناچێت قەدەغەکردنەکە بەسەر هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ بکرێت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG