وەزارەتی تەندروستی عیراق 6 حالەتی نۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای ڕاگەیاند، و گوتی تێکرای توشبووەکان پێشتر لە ئێران بوون.
سەیف ئەلبەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عیراق گوتی دوو کەس لە بەغدا و چوار کەس لە شاری سلێمانی تووشی ڤایرۆسەکە بوون و هەموویان لەم دواییەدا لە ئێران گەڕاونەتەوە.
وەزارەتی تەندروستی گوتیشی ژمارەی تووشبووان بەڤایرۆسەکە لە تێکرای وڵاتەکە بۆ 19 حاڵەت بەرزبۆتەوە.
هاوکات وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ڕۆژی یەکشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە لەبارەی تووشبوونی چوار کەس بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی و گوتی "ئەوانەی تووشی ڤایرۆسەکە بوون لە خێزانیكی سێ کەسی و ئافرەتێك پێکهاتوون کە سەرجەمیان پێشتر سەردانی وڵاتی ئێرانیان کردبوو" .