Accessibility links

بەحرەین و کوەیت و عێراق سەرکۆنەی بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ دەکەن


بەحرەین و کوەیت و عێراق دووپاتیان کردەوە کە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بە دان پێدانانی قودس وەکو پایتەختی ئیسڕائیل پێشێلکاری بڕیارە نێودەوڵەتییەکانە سەبارەت بەو بابەتە.

لەسەر ماڵپەڕی فەڕمی وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین هاتووە دەڵێت " شانشینی بەحرەین دووپاتی دەکاتەوە کە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ ناساندنی قودس وەکو پایتەختی ئیسڕائیل هەڕەشە لە هەوڵەکانی ئاشتی دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و هەموو ئەو هەوڵ و دانوستانانەی کە ئەنجام دراون بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک پەکدەخات."

هەروەها دەڵێت " ئەمە پێشێلکارییەکی ڕوون و ئاشکرای بڕیارە نێودەوڵەتییەکانە کە جەخت لەسەر مافە جێگیرکراوەکانی گەلی فەڵەستین و دەست تێوەنەدانیی قودس دەکاتەوە هەروەها دەبێت قودسی ڕۆژهەڵات وەکوو خاکێکی داگیرکراو بناسرێت و کۆتایی بە داگیرکراوییەکەی بهێنرێت."

لە کوەیت دەزگای هەواڵی فەڕمی لە سەرچاوەیەکی وەزارەتی دەرەوەوە بڵاویکردەوە " بڕیاردان لەسەر ئەمە بڕیارێکی تاکلایەنانەیە و پێشێلکاری بڕیارە یاساییە نێودەوڵەتییەکانە سەبارەت بە ڕەوشی یاسایی و مرۆیی و سیاسیی و مێژوویی شاری قودس و پێشێلی بڕیارەکانی کۆمەڵگەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە سەبارەت بەم بابەتە و هەروەها پێشێلی هەموو ڕێكەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانیشە."

لە بەغدادیش وەزیری دەرەوەی عێراق ئیبراهیم جەعفەری لە ماڵپەڕی وەزارەتەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەی " سەرکۆنەی ئەم هەنگاوەی بەڕێوبەرایەتیی ئەمەریکا دەکەین کە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی ناوچە عەرەبییەکان و ئیسلامییەکان و هەموو جیهانیش بخاتە بەردەم قۆناغێکی نوێوە کە ڕەحم بە کەس نەکات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG