Accessibility links

داوای خامنەیی لە سەرۆک کۆماری عێراق بۆ پاراستنی حەشدی شەعبی


چاوپێکەوتنی بەرهەم ساڵح لە گەڵ عەلی خامنەیی

حەشدی شەعبی کە زۆربەی تاقمەکانی ملیتانی لە ژێر پشتیوانی ئێران پێک هاتووە، چەند ساڵ پێش وەک هێزێکی پاشەکەوت بۆ لەشکر و پولیسی عێڕاق بە فەرمی ناسرا.

ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ سەرۆک کۆماری نوێی عێڕاق خوازیاری "پاراستنی تاقمی حەشدی شەعبی یە، یەکێک لە ئەو تاقمە ملیشیایانەی کە ئێران لە عێڕاقدا پشتیوانیان لێدەکات.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ئیرنا، عەلی خامنەیی ڕۆژی شەمە ٢٦ی خەزەڵوەر (١٧ی نوامبر) لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ بەرهەم ساڵح گوتی کە "نمونەی بەرچاوی ئاکامەکامی هەرە باشی پشت بەستن بە گەنجەکان، پێک هێنانی حەشدی شەعی لە ڕەوتی خەبات لە دژی تێرۆرسم بوو کە دەبێت پارێزگاری لێبکرێت".

فەرماندەکانی باڵای لەشکری ئێران گەلێک جاران حەشدی شەعبی لە گەڵ هێزەکانی "بەسیج" بەراورد دەکەن.

لە هەمان کاتدا ئەمەریکا ١٢ مەرجی بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنی نوێ لە گەڵ ئێران هێناوەتە گۆڕ. لە نێویان دا ئەوە کە کۆماری ئیسلامی ڕێز بۆ سەربەخۆیی عێڕاق دابنێت و چەک لە گروپەکانی ملیتانی شێعە داماڵێت.

لە ئەم دواییانەدا جێمز مەتس، وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە "ئەنستیتۆی ئاشتی ئەمەریکا" لە واشنگتنی پێتەخیت گوتبووی کە "پەیمانی ناتۆ و هێزەکانی ئەمەریکا دەبێت مەشق و لێهاتوویی پێویست بۆ لەشکری عێڕاق دابین بکەن بۆ ئەوەی لە کۆتایی دا ئەو هێزانەی لەشکری بە جێگای ئەوەی پشت بە تاران ببەستن، بتوانن لە سەر پێی خۆیان ڕابوەستن".

لە هەڵبژاردنەکانی پاڕلمانی عێراق لیستی جیگای پشتیوانی موقتەدا سەدر ٥٤ نوێنەر لە ٣٢٩ نوێنەری لە پاڕلمان دا وەدەست هێناوە کە هاوبەندی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پلەی دووهەم، و هاوبەندی حەیدەر عەبادی لە پلەی سێهەم دایە.

عەلی شەمخانی دەبیری شۆرای بەرزی ئاسایشی ئێران لە چاوپێکەوتنێک لە گەڵ بەرهەم ساڵح گوتی کە "گەڵالە جۆربەجۆرەکانی ئەمەریکا و هەندێک لە وڵاتانی دواکەوتووی ناوچە بۆ تێکدان و شێواندنی پەیوەندییەکانی دۆستانەی دوو ولاتی ئێران و عێڕاق بە هێچ کوێ ناگات."

ئەوە یەکەم سەردانی سەرۆک کۆماری نوێی عێڕاق بۆ ئێران و چوارەمین سەردانی ناوچەیی ناوبراوە. پێشتر ئەو سەردانی کوێت، میرنشینەکانی یەکگرتووی عەڕەب و ئوردون کردوە.

XS
SM
MD
LG