Accessibility links

هاککەرە ئێرانییەکان زانکۆکانی ڕۆژئاوا دەکەنە ئامانج


دەزگای هەواڵی ئێن ئۆ ئێسی هۆڵەندی ئاماژەی بەوەدا هاککەرە ئێرانییەکان کە حکومەتی ئێران پشتیوانیان دەکات زانکۆکانی ئەوروپایان کردۆتە ئامانج، لەم مانگانەی دواییدا زانکۆکانی ئەمەریکا و ئوستڕاڵیاشیان کردۆتە ئامانج.

هێشتا ڕوون نیە هەوڵەکانیان بۆ هاککردنی سیستمی کۆمپیوتەرەکان سەرکەوتوو بووە یاخود نا، هەوڵیشیانداوە سیستمی سێ زانکۆی هۆڵەندی هاک بکەن.

ئێن ئۆ ئێس وتی هاککەرەکان هەوڵیانداوە کۆرس و ئەدەبی ئەکادیمی زانکۆکان بدزن تاوەکو لە خوێندنگاکانی ئێراندا بەکاریانبهێنن.

پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان ئێران و هۆڵەندا گرژییان تێکەوت دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو هۆڵەندا ئێرانی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی پلانگێڕان بۆ دوو کوشتنی سیاسیی لە ناو خاکی هۆڵەندادا کە ئەوەش بووە هۆی ئەوەی یەکێتی ئەوروپا سزای نوێ بەسەر تاراندا بسەپێنێت.

لەلای خۆیەوە تاران ڕەتی کردەوە دەستی هەبووبێت لە هەوڵدان بۆ کوشتنی ئەو دوو یاخیبووە ئێرانیە لە هۆڵەندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG